مەسعود پزیشکیان: کاری لەپێشینەی کابینەکەم باشترکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

دوێنێ کاژێر 11:55
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وەکو سەرۆککۆماری ئێران سوێندی یاسایی خوارد. پزیشکیان بەڵێنی باشترکردنی ئابووریی وڵاتەکەی دا و هیوای باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان خواست.
 
دوای سوێندخواردنی، مەسعود پزیشکیان گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا حکومەتەکەی بە "حکومەتی هاودەنگیی نیشتمانی" ناوبرد و گوتیشی، "چواردەیەمین حکومەتی ئێران دەرفەتێکی نوێی رەخساندووە؛ دەرفەتێک بۆئەوەی گوێ لە هەموو ئێرانییەکان بگیرێت کە داوای گۆڕانکاری دەکەن."
 
پزیشکیان بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابووریی ئێران و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دا و گوتی، "خەڵک سەرەڕای جیاوازیی خولیایان، جیاوازیی نەتەوایەتی، جیاوازیی ئایینی و جیاوازیی جێندەری فاکتەری سەرەکی پێشکەوتنەکانی وڵاتن. حکومەتی چواردەیەمین بەڵێنی کارکردن بۆ پێشخستنی ئێران، باشترکردنی ئابووری و بەرەوپێشبردنی ژیانی خەڵکی دەدات."
 
پزیشکیان کە دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا کابینەی حکومەتەکەی رابگەیێنێت، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، کە دەکاتە نزیکەی 54%ی دەنگی بەشداربووان.
 
دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران لە کاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی جەنگی غەززەوە رووبەڕووی ناسەقامگیری بووەتەوە و کێشەکانی ئێرانیش لەگەڵ رۆژئاوا لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی بەردەوامن.
 
پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
 
پزیشکیان لەبارەی پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە قسەی کرد و گوتی، دەیەوێت کار بۆ باشترکردنی بکات. 
 
پزیشکیان لەوبارەیەوە گوتی، "کاری لەپێشینەی کابینەکەی من بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. نابێت وڵاتانی دراوسێ تواناکانی خۆیان لە رکابەری و گرژی لەگەڵ یەکدی بەفیڕۆ بدەن."
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "کابینەکەی من خوازیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی بەهێزە؛ ناوچەیەک کە تێیدا هەموو وڵاتانی دراوسێ بتوانن بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان، لە پێناو گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی نەوەکانی داهاتوودا پێکەوە هەنگاو بنێن؛ ناوچەیەک کە ئاسایشەکەی بە دەستی وڵاتانی ناوچەکە خۆیان دەستەبەر بکرێت و هێزە بیانییەکان بیانووی مانەوەیان نەمێنێت."
 
"ئێران سەقامگیرە"
 
پزیشکییان ئامادەیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رۆژئاوا لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی ئاشتییە."
 
سەرۆککۆماری نوێی ئێران گوتی، "وڵاتانی رۆژئاوا بۆ تێگەیشتن لە راستی و دروستکردنی پەیوەندی لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لایەنە و پێگەی یەکسان بانگهێشت دەکەین. ئامادەین بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هێشتا لە پێگە و هێزی ئێران تێنەگەیشتوون، گفتوگۆ بکەین."
 
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، "گوشارەکان و سزاکانی سەر ئێران ئەنجامیان نابێت" و "ئێران بەردەوام لەلای راستی مێژوو وەستاوە"؛ گوتیشی، "ئێران وڵاتێکی سەلامەت، یەکگرتوو و سەقامگیرە."
 
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنێکی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا سزاکانی سەری هەڵبوەشێنرێنەوە،  بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کات لێی کشایەوە و سزاکانی بەسەردا سەپاندەوە.
 
لەو کاتەوە ئێران دەستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و مەبەستە سڤیلەکانی دیکەیە.
 
شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل
 
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لەکاتێکدایە، هەڕەشەی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی لە یەکدی گەیشتووتەوە لووتکە.
 
سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارەکەیدا رەخنەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا گرت بەهۆی ئەوەی کۆتایی هەفتەی رابردوو پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی، "هیچ کەسێک ئەوە قبووڵ ناکات کە سەرۆکی رژێمێک کە لە غەززە ژن و منداڵ دەکوژێت لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە پێشوازی لێبکرێت."
 
لە رێوڕەسمەکەدا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا بە تووندی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە غەززە دەیکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە