رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتێکی فەرمی چووە تاران.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو مامەڵەیەی لە تاران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوی کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە."
نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 30-7-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران گەیشتە تاران.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دابەزینی لە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لەلایەن عیسا زاراپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانیش لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بوون، لەوانەش حەسەن دانایی فەڕ، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
رێوڕەسمەکە لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو. نێچیرڤان بارزانی لە لایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بە گەرمیی پێشوازی لێکرا. دواتریش هەر لەنێو پەرلەماندا چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئێرانی بەخێرهاتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، لەوانەش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران.
پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە وێنەی خێزانی گیرا و ئاڵای کوردستان لە ریزی وڵاتانی جیهاندا دانرابوو. دواتریش رێوڕەسمەکە دەستیپێکرد و کورسییەک لە ریزی یەکەمی هۆڵی پەرلەماندا بۆ نێچیرڤان بارزانی دانرا بوو.
"مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراو لە نێچیرڤان بارزانی"
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی گەلی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی کوردستان دەکات.
"ئەو مامەڵەیەی لە سەردانەکانیدا بۆ ئێران لەگەڵی دەکرێت، مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراو و کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە". دڵشاد شەهاب وای گوت.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بایەخی سەردانەکە دەکات و دەڵێت: "پێویستمان بەم پەیوەندی و سەردان و دیدارانەیە بۆ ئەوەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، تەنانەت لە هاوکێشە نێودەڵەتییەکانیشدا دەربکەوێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە گەورەترین رووداوی ئەم سەردەمەدا کە شەڕی دژی تیرۆرە یاریزانێکی سەرەکی بووە".
دڵشاد شەهاب باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەستووری ئامانجێکی سەرەکییە و دەبێت بەردەوام لە پێشینەی [سیاسەتی] هەرێمی کوردستان بێت. جەنابی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستووەتە کارە لەپێشینەکانییەوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبوونی پەیوەندییەکی باشی لەنێوان هەولێر و تاران بە گرنگ زانی و باسی لەوەشکرد، پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان "بە باش یان خراپ"، راستەوخۆ پەیوەندی بەسەر کایەکانی ژیانەوە لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
دڵشاد شەهاب دەڵێت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووە بووە لە پاراستنی هاوسەنگیی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە." گوتیشی، "پارێزگاریکردن لە پێگەی هەرێمی کوردستان و راگرتنی ئەو باڵانسە و خستنە پێشی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ستوونە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵگێڕانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان".
"سەردانەکە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران گرنگە"
نازم دەباخ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەبارەی بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بانگهێشتی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکە بەو مانایە دێت کە لە پەیوەندییەکی باشدان و کاک نێچیرڤانیش شایستەی ئەوەیە لە پرۆتۆکۆڵێکی وەهادا کە گەورە بەرپرسانی جیهان تێیدا بەشدارن، یەکێک لەو میوانانە بێت".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران پەیوەندییەکانی هەولێر و تارانی بە گرنگ پێناسە کرد و گوتی، "بانگهێشتکردن و بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران، واتە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە پێشکەوتندان و شیاوی ئەوەشە گرنگی زیاتریان پێبدرێت."
نازم دەباغ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پەیوەندیەی ئێستا، سەرەتای پەیوەندییەکی بەهێزە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوتیشی، "پەیوەندیی پتەوی تاران و هەولێر لە کابینەی نوێی حکومەتی ئێران بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو سیاسەتەی هەیە، سیاسەتی ئەم حکومەتە نییە ئەو ناوەندەی بڕیاری سیاسی رێکدەخاتەوە هەمیشە بەردەوام دەبێت و تەنیا کەسەکان دەگۆڕێن."
سەردانەکەی رۆژی سێشەممەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران سێیەم سەردانییەتی لە سێ مانگی رابردوودا.
سەردانی یەکەمی لە 5ـی ئایاردا بوو و بە جیا لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.
سەردانەکەی دیکەیشی لە 22ـی ئایاردا بوو کە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ