لە لوڕستان دەست بەسەر 120 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەست بەسەر 120 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە هەموو شارەکانی پارێزگاکە کرا و لە ئەنجامدا دەست بە سەر 120 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
 
بە گوتەی ئیلاهی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانیان دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەکی نایاساییشدا گرتووە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان کە رۆژی چوارشەممە 08-05-2024 بڵاوکرایەوە، لە ماوەی 50 رۆژدا دەستیان بەسەر دوو تۆن و 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر گرتووە و 560 قاچاخچی و وردەفرۆشیش دەستگیر کراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 48 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتیشدا گیراوە، کە مادەی هۆشبەریان تێدا بووە، زۆربەیان لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە هاتوون.