رسوماتی گەشتکردن لە ئێران لە 30% بۆ 100% زیادکرا

دوێنێ کاژێر 04:42
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، گۆڕانکاری لە رسوماتی گەشتکردنی ئێرانییەکان بۆ دەرەوە کراوە و لە نێوان 30% بۆ 100% زیادکراوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی وڵاتەکەدا، نرخی گەشتکردنی هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرەوە زیاد کراوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاری زیادکردنەکە لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێبەجێ کراوە.
 
ئەم ساڵ لە پرۆژەیاسای بودجەی ئێراندا پێشبینی کراوە، داهاتی حکومەت لە رێگەی باجی گەشتکردن بۆ وڵاتانی دیکە 4 تریلیۆن و 362 ملیار تمەن بێت، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 27.1% زیادی کردووە.
 
ساڵی رابردوو کۆکردنەوەی داهات بۆ حکومەت لە رێگەی رسوماتی گەشتکردن بۆ دەرەوە، گەیشتە سێ تریلیۆن و 431 ملیار تمەن.
 
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، لە گەشتی یەکەمدا نرخی گەشتەکان 30%، لە گەشتی دووەمدا 50% و لە گەشتی سێیەم بەدواوە 100% زیادکراوە.
 
بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەر کەس ئەم ساڵ بۆ وڵاتانی دیکە گەشت بکات، بۆ جاری یەکەم 520 هەزار تمەنی لێوەردەگیرێت، ئەم بڕە پارەیە بۆ گەشتی دووەم 780 هەزار تمەن و بۆ گەشتی سێیەم دەبێتە یەک ملیۆن و 10 هەزار تمەن.
 
پێشتر بۆ گەشتەکانی دەرەوەی وڵات، لە گەشتی یەکەمدا 400 هەزار تمەن، گەشتی دووەم 600 هەزار تمەن و لە گەشتی سێیەمدا 800 هەزار تمەن لە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وەردەگیرا.
 
بۆ ئەو کەسانەی کارتی سنوورییان هەیە، نرخی رسوماتی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ گەشتکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکان و دەریاوە جیاوازە. لە گەشتە ئاسمانییەکاندا، ئەو کەسانە بۆ جاری یەکەم 75 هەزار تمەنیان لێوەردەگیرێت، جاری دووەم 600 هەزار تمەن و جاری سێیەم دەبێتە 800 هەزار تمەن.
 
هەروەها بۆ گەشتەکانیان لە رێگەی دەریا و دەروازە سنوورییەکانەوە، بۆ جاری یەکەم 25 هەزار تمەن دەبێت، بۆ جاری دووەم 600 هەزار تمەن و بۆ جاری سێیەم دەبێتە 800 هەزار تمەن.
 
زیادکردنی نرخی رسوماتی گەشتکردن، کاریگەری لەسەر خەڵکی پارێزگا سنوورییەکانی وەک پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بۆ کارکردن سەردانی باشووری کوردستان دەکەن و مافی مانەوەیان نییە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، رسوماتی گەشتکردن بۆ حاجیانیش لە 132 هەزار تمەنەوە کراوەتە 172 هەزار تمەن.
 
ئەمساڵ تەنیا بۆ زیارەتکارانی مەزارگە شیعەکان لە عێراق، رسوماتی گەشتکردن وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆرانکارییەک لە نرخەکاندا نەکراوە. ئەو زیارەتکارانەی لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە دەیانەوێت گەشت بکەن،  45 هەزار تمەنیان لێوەردەگیرێت و ئەوانەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە گەشت دەکەن، تەنیا 15 هەزار تمەنیان لێوەردەگیرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە