ناوەندی لێکۆلینەوەی پەرلەمانی ئێران: 15٪ـی منداڵان کار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی لێکۆلینەوەی پەرلەمانی ئێران لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە ئێران 15٪ی منداڵان کار دەکەن و لەو رێژەیەش ٪10یان وازیان لە خوێندن هێناوە.
 
لە راپۆرتەکەدا کە بە ناونیشانی "ئاڵنگارییەکانی چاودێریکردنی کاریگەر لە بەکارنەهێنانی منداڵان بۆ کار" ئامادە کراوە و ئەمرۆ یەکشەممە، 30-07-2023 بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەو رێژەیە 8٪ی منداڵان لە کارگەکان و لە دەرەوە کار دەکەن و 7%ی دیکەش کاری ماڵەوەیان پێدەکرێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێکۆلینەوەی پەرلەمانی ئێران، تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، نەهێشتنی هەژاری و هۆشیارکردنی کۆمەڵگەیە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، "کارکردنی منداڵان لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی دابڕان و بێبەشبوونیان لە جیهانی منداڵی، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر گەشەی جەستەیی و دەروونییان"، بە پێوێستی دەزانێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران باس لەوەش دەکات کە کارکردنی منداڵ نیشانەی لاوازییە لە جێبەجێکردنی یاساکان و دەڵێت، یاسای کار و یاسای بەرگری لە منداڵان و مێردمنداڵان لە ئێران کارکردنی منداڵیان قەدەخە کردووە و بە پێی ئەم یاسایانە حكومەت ناچارکراوە بۆ پاراستنی منداڵان و رێگریکردن لە کارکردنیان هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر.
 
لە راپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ رێگریکردن لە کاری منداڵان کراوە و هاتووە، یاساکان ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیان راسپاردووە کە چاودێری کارگەکان بکات و رێگریی لە کارکردنی منداڵان بکات، بەڵام چاودێرییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە "رێکوپێک و کاریگەر نین".