لافاو و زریان لە سیستان و بەلووچستان زیانێکی زۆری لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، لافاو و زریان رێگەی 42 گوندی داخست و کارەبای 60 گوندیش پچڕاوە. بەڕێوەبەری کۆمیتەی قەیرانی پارێزگاکەش رایگەیاند، 578 میلیارد تمەن زیانی بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە.
 
بەرپرسانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان رایانگەیاند، شەپۆلێکی باران لەو پارێزگایە دەستیپێکردووە و لە ناوچەکانی نیک شەهر، فنوج، ئیرانشەهر، قەسرقەند، کاجوو، مێهرستان، راسک، چاهـ کەمال، خاش و تەفتان بارانێکی زۆر باریوە و لە چەندین ناوچەش لافاو و زریان بووە.
 
مەجید موحیبی، بەرێوەبەری کۆمیتەی قەیرانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ئەمرۆ یەکشەممە، 30-7-2023 رایگەیاند، بەپێی خەملاندنە سەرەتاییەکان، بەهۆی لافاو و زریانی ئەو دوو مانگەی دوایی، 578 میلیار تمەن زیان بە کەرتە جیاوازەکانی پارێزگاکە گەیشتووە و زۆرترین زیان بەر رێگەوبان، ئاو و کارەبا کەوتوون.
 
مەجید موحیبی گوتی، باران لە چەندین ناوچەی پارێزگاکە بەردەوامە، بۆیە ئەگەری لافاوی دیکە و بەرزبوونەوەی قەبارەی زیانەکان هەیە.
 
هەروەها بە هۆی بارینی بەخوڕ، لە ناوچەکانی خاش، تەفتان، نیکشەهر، فنوج، قەسرقند و ئیرانشەهر لافاو هەستاوە و رێگەی  چەندین گوند داخراون.
 
ئەحمەد رەزا هاشم زهی، سەرپەرشتیاری قایمقامیەتی قەسرقەند ئەمرۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، بە هۆی بارینی بارانی بەلێزمە ئاوی رووباری کاجو بەرزبووەتەوە و رێگەی 42 گوندی سنوورەکە داخراون.
 
لەبەر زریانی بە‌‌هێز لە هەندێک شوینیش دارخورما و ستوونی کارەبا شکاون. شوعەیب عارفی، قایمقامی قەزای فنوج ئەمرۆ رایگەیاند، کارەبای 60 گوندی ئەو ناوچەیە پچراوە و لە ناوەندی شاری فنوجیش چەندین دار و ستوونی کارەبا شکاون و لەسەر جادەکان کەوتوون، هەروەها لە ناحیەی کەتیچی سەر بەو قەزایەش تۆڕی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بە تەواوی پچراوە.
 
سەبارەت بە زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵیش لەو ناوچەیە، قەنبەر نارۆیی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی فنوج رایگەیاند، 900 دارخورما بەهۆی لافاوە لەنێوچوون. 
 
هاوکات، سەید مەهدی سەجادی، سەرپەرشتیاری مانگی سووری سیستان و بەلووچستان ئەمرۆ یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان هاوکارییان گەیاندووەتە 133 زیانلێکەوتووی لافاو لە ناوچەکانی نیک شەهر و فنوج.