مۆساد: کەسێکمان لە ئێران رفاند کە پلانی بۆ تیرۆرکردنی هاووڵاتییانمان داڕشتبوو


رووداو- هەولێر

دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد دەڵێت، "لەنێو خاکی ئێراندا کەسێکمان رفاند کە دەیویست هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە قوبرس تیرۆر بکات".
 
مۆساد ڤیدیۆی دانپێدانانی کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ناوی یوسف شەهبازی عەباسعەلی لوویە و لەلایەن بەرپرسێکی سوپای پاسدارانەوە بەناوی حەسەن شووشتەریزادە فەرمانی پێدرابوو.
 
بەگوێرەی دانپێدانانەکە بێت، ئەو کەسە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە راسپێردرابوو بۆ ئەوەی لە قوبرس کەسێک "تیرۆر بکات" و دەڵێت، "چەکێکیان پێدابووم و لە رێگەی وەتسئپەوە ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران داوای لێکردم بچم بۆ ماڵی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە قوبرس، دواتر ئامانجەکەیان بۆ ناردم و چووم وێنەی ماڵەکەیم گرت و بۆم ناردنەوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە خۆیەتی".
 
لە دانپێدانانەکەدا ئەو کەسە دەڵێت، "بە رێگەی قاچاخ و بێ پاسپۆرت چووبوومە قوبرس. بەر لەوەی ئامانجەکەم بپێکم، پێیان گوتم پۆلیس بەدواتەوەیە و خێرا چەکەکەت لە شوێنێک بشارەوە و بگەڕێوە ئێران".
 
دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو کەسەیان لەنێو خاکی ئێراندا رفاندووە و هەر لەنێو شاری تاراندا ئەو دانپێدانانەیان لێ وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ وەڵامێکی نەبووە بۆ ئەو داوایەی مۆساد.