سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران: کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری رەئیسی بەهۆی تەقینەوە نەبووە

30-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رەتیکردەوە، هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بەهۆی تەقینەوە، کەوتبێتە خوارەوە.
 
سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دووەمین راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و یاوەرەکانی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە کاتی رۆیشتنی تیمی سەرۆککۆمار بۆ سەر سنوور، دۆخی کەشوهەوا گونجاو بووە، بەڵام "دۆخی کەشوهەوا لە کاتی گەڕانەوەیاندا بەپێی دوایین بەڵگەکان و قسەکانی سەرنشینانی دوو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە."
 
ئەو لیژنەیەی سەرۆکایەتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی پێکیهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات "بە وردی لێکۆڵینەوەمان لە زۆربەی بەڵگەنامە و تۆمارەکانی پەیوەست بە پاراستنی هێلیکۆپتەرە کەوتووەکە کرد"، دەرکەوت "هیچ کەموکوڕییەک نەبووە کە بتوانێت کاریگەر بێت لە رووداوەکەدا." 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ژمارەی سەرنشینان و قەبارەی باری هێلیکۆپتەرەکە، گونجاو بووە و هیچ زێدەڕۆییەک نەکراوە؛ هەروەها "لە پەیوەندییە رادیۆییەکانی تیمی فڕۆکەوانیدا بە هیچ شێوەیەک باسی دۆخی نائاسایی و باری لەناکاو نەکراوە." 
 
لیژنەکە دەڵێت، "بەپێی ئەو نموونانەی وەرگیراون و بەپێی ئەو پشکنینانەی لەسەر پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە کراون و شێوازی بڵاوبوونەوەیان و مەودای نێوان پاشماوەکانی هێلیکۆپتەرەکە، روودانی تەقینەوە بەهۆکاری تێکدەرانە لە کاتی فڕینی هێلیکۆپتەرەکە و بەر لە کەوتنی، رەتدەکرێتەوە." 
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "هیچ پاشماوەیەکی جەنگیی ئەلیکترۆنی لە سەر هێلیکۆپتەرەکە نەبینراوە"؛ جەخت لەوەش کراوەتەوە کە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوام دەبێت.
 
شەوی 23-05-2024، لیژنەکە یەکەمین راپۆرتی لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی و یاوەرەکانی بڵاوکردەوە.
 
لە یەکەمین راپۆرتی لیژنەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو؛ هێلیکۆپتەرەکە لە رێڕەوی دیاریکراوی خۆی لاینەداوە و هیچ شوێنەوارێکی گوللە و بەئامانجگرتنیش لەسەر پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە نەبووە.
 
کاژێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی رۆژی 19-05-2024 هێلیکۆپتەری گواستنەوەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و حەوت کەس لە یاوەرانیان دوای هەستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان، لە رێگەی چوون بۆ تەورێز لە ناوچەی وەرزەقانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، کەوتەخوارەوە و هەر هەشت کەسیان گیانیان لەدەستدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە