رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و دابەزاندنی نرخی پەتاتە لە وڵاتەکەدا، بڕیاریان داوە پەتاتە هاوردە بکرێت.
ئەکبەر فەتحی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران بۆ کاروباری پلاندانان و کاروباری ئابووری، رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، بڕیاری وەزارەتەکەی بۆ هاوردەکردنی پەتاتە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە قۆناخی یەکەمدا بڕیارە 50 هەزار تۆن پەتاتە هاوردە بکرێت.
بە گوتەی جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران، بریارە ئەو کۆمپانیانەی پەتاتە هاوردە دەکەن بە شێوەیەکی راستەخۆ ئەو بڕە پەتاتەیە بخەنە بازاڕەکانەوە، بۆ ئەوەی نرخی پەتاتە کۆنترۆڵ بکرێت، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
ئەکبەر فەتحی گوتی، بەپێی پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بریارە هەر کیلۆیەک پەتاتەی هاوردەکراو بە 27 تاوەکو 28 هەزار تمەن بگاتە دەستی هاووڵاتییان.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو، بەپێی خەمڵاندنەکانیان یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن پەتاتە لە کۆگاکانی وڵاتەکە دایە و هیچ نیگەرانییەکیان لەوبارەوە نییە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی پەتاتەی بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە گەڕاندەوە و گوتیشی، جگە لەوە ئێستا وەرزی بەرهەمهێنانی پەتاتە نییە و پەتاتەی کۆگاکراویش نەخراوەتە بازارەکانەوە.
چەند رۆژێکە نرخی پەتاتە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرزبووەتەوە و نرخی هەر کیلۆیەک پەتاتە لە 20 هەزار بووەتە 60 هەزار تمەن. تەنانەت لە تارانی پایتەختی ئێران، نرخەکەی گەیشتووەتە 80 هەزار تمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ