لە ئێران لە کامپێکی وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر ئەشکەنجەی ئالوودەبووان دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، دیمەنی کامپێکی وازپێهێنان لە ماددەی هۆشبەر بڵاوبووەتەوە کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بووەهۆی داخستنی کامپەکە لەلایەن حکومەتەوە.
 
لە کامپی "قەڵات" لە شاری شیراز کە ناوەندێکە بۆ وازپێهێنان لە ماددەی هۆشبەر، تووندوتیژی لەگەڵ ئالوودەبووان دەکرێت و تێیدا بە لێدان و ئەشکەنجەدان، خستنەنێو سەهۆڵاوی ئالودەبووان و جنێو و سووکایەتی پێیان، هەوڵی وازپێهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەدرێت.
 
لەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیاڵمیدیادا بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت، ئالوودەبووان بە جلوبەرگەوە دەخرێنە نێو سەهۆڵاوەوە و دوایی بە داردەست و قەمچی لێیان دەدرێت و ئەشكەنجە دەدرێن. 
 
ئەو دیمەنانەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی خۆشبژێویی شاری شیراز، دوای بینینی ڤیدیۆکە بڕیاری داخستنی ناوەندەکەی داوە و "فەرمانبەرانی ناوەندەکەی بە تاوانی تووندوتیژی لەگەڵ نەخۆشدا دایە دادگە، تاوەکو دادگایی بکرێن".
 
هەروەها ئالوودەبووانی ئەشکەنجەدراویشی گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری شیراز تاوەکو لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بن.