ڤیدیۆ؛ زۆری ژمارەی جرج خەڵکی تارانی هەراسانکردووە

رووداو - هەولێر

لە شەواندا ژمارەیەکی زۆر لە هەڵگری نیشانەشکێن ناسراو بە بادی، بە شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئێراندا دەگەڕێن. ئەوان مەبەستیانە لە ماوەی مانەوەیان لە دەرەوە، چەند جرجێک بکوژن، بۆ ئەوەی ژمارەی جرجەکانی گەورەترین شاری ئێران کەمبکەنەوە، یان بەلایەنی کەمەوە رێگا لە زیادبوونی ژمارەیان بگرن. 

پلانی کوشتنی جرجەکان لە تاران بە رێگەی جیاواز لە ساڵی 1984ەوە بەردەوامە، بەڵام هیچکامیان سەرکەوتوو نەبوون. 

دەستپێکی پلانی کوشتنی جرجەکان بە بادی بۆ سەرەتای ئەم سەدەیە دەگەڕێتەوە، ئەوەش کاتێک حکومەت و خەڵکی گەڕەکەکانیش ناچاربوون پارە بدەنە نیشانەشکێنەکان بۆ ئەوەی جرجەکان کەمبکەنەوە. 

حەسەن خودابەخشی، سەرۆکی نیشانەشکێنەکانی گەڕەکێکی تاران دەڵێت "گوتمان کە هەر کەسێک بتوانێت، لەم ناوچەیەی ئێمە، بە چەکی بادی جرجێک بکوژێت، ئەوا ئێمە هەزار تومەنی پێدەدەین. ئەنجامەکە زۆر باش بوو. ژمارەیەکی زۆر کەسی خۆبەخش هەبوون کە شەوان 200 تاوەکو 300 جرجیان دەکوشت و ئێمەش پارەکەمان وەک حەقدەست یان خەڵات پێدەدان". 

وادیارە جێبەجێکردنی ئەو تاکتیکە جیاوازانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە. 

یەکێک لە زۆرترینی ئەو جرجانەی لە تاراندا هەن بە جرجی نەرویجی ناسراون و نزیکەی 50 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کەلوپەل هەناردەی ئێران کراون. 

کێشی هەر یەک دانە لەم جۆرە جرجانە دەکرێت بگاتە نزیکەی نیو کیلۆ و درێژیەکەیشی لە لوتیەوە بۆ کلکی دەگاتە نزیکەی نیو مەتر. 

زانیاری جیاواز دەربارەی ژمارەی جرجەکان لە تاران بڵاودەبنەوە، بەڵام بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی گیانەوەرانی مەدەنی لە شارەوانی تاران رەتیدەکاتەوە، ژمارەی جرجەکان لە پایتەختەکەی ئێران بگاتە دەیان ملیۆن. 

ئەردەڤان پورموحەممەدی، بەڕێوەبەری بەشی کۆنتڕۆڵی گیانەوەرانی مەدەنی لە شارەوانی تاران 
دەڵێت "ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە کە گوایە 30 تاوەکو 50ـیان 70 ملیۆن جرج لە تاراندا هەیە، راست نییە. ئەگەر 70 ملیۆن جرج هەبوونایە، ئەوا لە هەر مەترێکی شاردا جرجمان دەبینی. بێگومان ئێمە هەبوونیان نکۆڵی ناکەین". 

ئەو جرجانە زیانیان بۆ کۆمەڵگە زۆرە، لەوانەش پیسکردنی خواردن و مەترسی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی هەندێک جۆر لە نەخۆشی.  هەر ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای خەڵکی دروستکردووە و داوا لە حکومەت دەکەن چارەسەرێک بدۆزێتەوە، بەڵام زیاتر لە 30 ساڵە ئەم داوایە بەبێ وەڵام ماوەتەوە.