گومرگی ئێران: لە هەشت مانگدا هەناردەی ئێران بۆ ئەوروپا 5 ملیار دۆلار و هاوردەش 11 ملیار دۆلار بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گومرکی ئێران رایگەیاند، لە هەشت مانگی رابردوودا هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپا  5 ملیار دۆلار بووە، لە هەمان کاتدا بایی 11 ملیار دۆلار کەلوپەل لە ئەوروپاوە هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە.
 
بەپێی ئاماری گومرکی ئێران، لە هەشت مانگی رابردوودا واتە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-11-2023، بڕی 10 ملیۆن تۆن کەلوپەل، کە بەهاکەی 5 ملیار دۆلار بووە لەو وڵاتەوە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پار لە رووی نرخەوە 5٪ کەمبووەتەوە و لە رووی کێشەوە 21٪ زیادیکردووە.
 
هەروەها لەو ماوەیەدا، بڕی 8.4 ملیۆن تۆن کەلوپەل کە بایی 11 ملیار دۆلار بووە، لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردەی ئێران کراوە، کە بەراورد بە ساڵی پار لە رووی نرخەوە 14٪ و لە رووی کێشەوە 7.3٪ زیادیکردووە.
 
بەپێی ئامارەکان، لەو ماوەیەدا ئێران زیاترین کەلوپەلی بە بەهای 3 ملیار دۆلار هەناردەی تورکیا کردووە، کە دەکاتە 60٪ی هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
 
دوای تورکیاش، رووسیا بە 616 ملیۆن دۆلار، ئازەربایجان بە 367 ملیۆن دۆلار، ئەرمینیا بە 272 ملیۆن دۆلار، جۆرجیا بە 127 ملیۆن دۆلار و ئەڵمانیا بە 104 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم تاوەکو پێنجەمدان.
 
سەبارەت بە هاوردەکردنیش، بە پێی ئاماری گومرکی ئێران لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا زۆرترین کەلوپەل لە تورکیاوە بە بەهای 4.4 ملیار دۆلار هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە و دوای ئەوەش ئەڵمانیا بە 1.4 ملیار دۆلار، رووسیا بە 1.1 ملیار دۆلار، بەریتانیا بە 814 ملیۆن دۆلار و هۆڵەندا بە 673 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم تاوەکو پێنجەمی هاوردەکردن بۆ ئێران دێن.