سەنگاپوور هاووڵاتییەکی ئێرانی لەسێدارە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای داوای وەزیری دەرەوەی ئێران، سەنگاپوور ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی ئێرانی لەسێدارە دا، کە 14 ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی گواستنەوە و هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکرابوو.
رۆژی هەینی، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، سەنگاپوور رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی کەسێکی ئێرانی-سەنگاپووری بەناوی مەسعود رەحیمی بە تاوانی مادەی هۆشبەر لەو وڵاتە جێبەجێ کرا.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەداخەوە مەسعوود رەحیمی، بەیانی ئەمڕۆ لە سەنگاپوور بە تۆمەتی هەڵگرتنی کەمتر لە 32 گرام مادەی دیامۆرفین لەسێدارەدرا."
مەحموود ئەمیری موقەدەم کە لە دەرەوەی ئێرانە دەڵێت،: "مەسعود دەرفەتی ئەوەی نەبوو بۆ دواجار لە نزیکەوە باوکی ببینێت و ماڵئاوایی لێ بکات.لە سێدارەدان سزایەکی نامرۆڤانە، دڕندانە و زەلیلکەرە و جێبەجێکردنی دەبێت لە هەموو شوێنێک سەرکۆنە بکرێت."
بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان، کەسایەتییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی سەنگاپوور و نێودەوڵەتی هەوڵیان دابوو رەحیمی لە سێدارە نەدرێت.
مەسعود رەحیمی تەمەن 34 ساڵ، دایکی سەنگاپوورییە و باوکی ئێرانییە، 14 ساڵ پێش ئێستا، بە تۆمەتی هەڵگرتنی 32 گرام مادەی دیامۆرفین لە سەنگاپوور دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگەی ئەو وڵاتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەر لەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە جێبەجێ بکرێت، نەسرین ستودە، پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ داوای لە سەرۆککۆماری سەنگاپوور کردبوو، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ مەسعود رەحیمی دەربکات و سزای لەسێدارەدانەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە.
نەسرین ستودە کە هاوکات بڕاوەی خەڵاتی ئازادی بیرکردنەوەی ساخارۆف، ئازادیی قەلەمی باربارا گوڵداسمیثە، لە نامەکەیدا بۆ سارمان شانموگاراتنام نووسیبووی، "گومانم نییە کە لێخۆشبوونتان دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی و جیددی لەسەر پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا هەبێت. تکایە کۆمەڵگای مەدەنی ئێران لەم دەرفەتە بێبەش مەکەن و بەو دەسەڵاتە یاساییانە لەم خەباتەدا یارمەتیمان بدەن."
هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سەنگاپوورەکەی داوای لێکردبوو، چاو بە بڕیاری لەسێدارەدانی مەسعود رەحیمی دا بخشێنرێتەوە، بەڵام کاربەدەستانی سەنگاپوور گوێیان بە داواکارییەکان نەدا و سزاکەی مەسعود رەحیمیان جێبەجێ کرد.