عەلی خامنەیی: نەمانگوتووە جووەکان فڕێدەدەینە نێو دەریا

 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیکردەوە کە گوتبێتیان "جووەکان فڕێدەدەینە نێو دەریا" و دەڵێت، "ئەوە بیرۆکەی ئێران نییە" و پشتگیریی ناکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران لە گوتارێکدا بۆ ئەندامانی هێزی بەسیج-ی سەر بە سوپای پاسداران رەتیکردەوە ئێران باسی "بیرۆکەی فرێدانی جووەکان و زایۆنییەکان بۆ نێو دەریا" کردبێت و گوتی، ئەوە بیرۆکە و روانگەی ئێران نییە، بەڵکو بیرۆکەی هەندێک لایەنی عەرەبییە.
 
بە گوتەی عەلی خامنەیی، ئێران پشتگیری لە بیرۆکەی بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە فەلەستین دەکات و لەگەڵ ئەوەیە کێشەکە لە رێگەی رای خەڵکی فەلەستینەوە چارەسەر بکرێت.
 
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەندێک کەس لە جیهان کە سەبارەت بە روانگەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە قسە دەکەن، بە درۆ دەڵێن: ئێران دەڵێت، دەبێت جووەکان یان زایۆنییەکان فڕێ بدرێنە نێو دەریا. ئەم گوتەیە لەلایەن هەندێک کەسی دیکەوە گوتراوە، هەندێک کەس لە عەرەبەکان کاتی خۆی گوتوویانە، ئێمە هیچ کاتێک ئەوەمان نەگوتووە. ئێمە کەس فڕێنادەینە نێو دەریا. ئێمە دەڵێین، با را، رای خەڵک بێت، ئەو دەوڵەتەی بەپێی رای خەڵکی فەلەستین دادەمەزرێت، ئەو (دەوڵەتە) بڕیار دەدات لەبارەی ئەو خەڵکەی کە لەوێن، ئەوانەی لە وڵاتانی دیکە هاتوون، لەوانەیە بڵێیت هەمووتان بمێنن لە فەلەستین.. بژارە لە دەستی خۆیانە، ئێمە لەو بارەیەوە رایەکمان نییە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رێبەری ئێران لە ساڵانی رابردوو چەندینجار رایگەیاندووە، تاوەکو 25 ساڵی داهاتوو ئیسرائیل نامێنێت و لە چەندین شەقامی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران رۆژژمێری لەنێوچوونی ئیسرائیل دانراوە.
 
رێبەری ئێران لە گوتارەکەیدا دووبارەی پەسنی هێرشەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل دا و گوتی، "تۆفانی ئەقسا هاوکێشەکانی سیاسەتی لە جیهاندا گۆڕی."
 
عەلی خامنەیی هەروەها دەڵێت، هێرشەکەی حەماس "توانی خشتەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات و ئەگەر بەردەوام بێت، هەموو خشتەکە لەنێودەبات."