لە شارێکی ئێران بەهۆی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە 17 کەس ژەهراوی بوون

29-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری قەزوینی ئێران، بەهۆی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە 17 کەس ژەهراوی بوون و دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە دوو کەسیان گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-10-2023، محەممەد حەسەن ئەرداقیان، گوتەبێژی زانکۆی پزیشکیی قەزوین رایگەیاند، 17 کەس بەهۆی خواردنەوەی کحولییەوە لە قەزوین گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دواتر دووانیان گیانیان لەدەستدا. 
 
بە گوتەی محەممەد حەسەن ئەرداقیان، 3 کەس لەوانەی ژەهراوی ببوون، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و باشبوونی دۆخی تەندروستیان، رەوانەی ماڵەوە کرانەوە، بەڵام هێشتا 12 کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
 
ژەهراویبوون بە خواردنەوە کحولییەکان لە ئێران زۆر تۆمار دەکرێت. رۆژی 01-07-2023، مەهدی فروزش، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی تاران رایگەیاند،  لە دوو مانگی سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا 26 کەس لە تاران بە هۆکاری ژەهراویبوون بە خوارنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ئەلبورز، لە بەهاری ئەم ساڵدا لەو پارێزگایە 191 کەس بە هۆی خواردنەوە کحولییەکان ژەهراوی بوون کە 17 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
 
عەباس مەسجیدی ئارانی، بەڕێوەبەری رێکخراوی دادپزیشکیی ئێران رۆژی 20-05-2023 رایگەیاند، ساڵی رابردوو 644 کەس لە ئێران بە هۆی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2021، ژمارەکە بە رێژەی 30٪ زیادی کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە