ناوەندی ئاماری ئێران: رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان بەڕێژەی 17.5٪ بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویکردووەتەوە، رێژەی جیابوونەوەی هاوژینی بەڕێژەی 17.5٪ بەرزبووەتەوە و پێکهێنانی ژیانی هاوژینیش 9.3٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە.
 
یاسین فەتاحی، بەرپرسی نووسینگەی ناوتۆمارکردنی ئەلیکترۆنی لە شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەداخەوە بەپێی هاتنە خوارەوەی ئەرزش و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانە لە نێوان ژن و پیاودا، رۆژانە چەندین حاڵەتی جیابوونەوە دەبینین، جیابوونەوەکان یەکلایەنەن یاخود بە رێککەوتنی نێوان هاوژینان دەبێت، ئەمە ئێش و ئازارە بۆ ئێمە و بۆ خەڵکیش، لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەی بەشێکیان منداڵیشیان هەیە." 
 
20 ساڵ پێش ئێستا لە بەرامبەر هەر جیابوونەوەیەک 12 پێکهێنانی هاوژینی تۆمار دەکرا، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ یەک لە سێ کەمبووەتەوە. بەشێک لە هاونیشتمانییان کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووری و بە هۆکاری سەرەکی زیاتربوونی جیابوونەوەی هاوژینەکان و پێکنەهێنانی هاوژینی دەزانن.
 
شیوا ئەیازی، چالاکڤانی مەدەنییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان و کەمبوونەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی گوتی، "وەکو دەزانن بواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک زۆر سەخت بووە، کوڕێکیش بە تەنیا ناتوانێت ماڵ دروست بکات، چونکە لە ناوچەی ئێمە پێکهێنانی ماڵ زیاتر لە ئەستۆی کوڕەکەدایە، بۆیە داواکاریم ئەوەیە کەمپینێک رابگەیێنرێت لانیکەم لە ساڵێکدا 10 جوان بنێردرێنە سەر ژینی هاوبەش." 
 
بەڵام بەشێکی دیکەی خەڵک، جگە لە دۆخی ئابووری. بابەتێکی دیکەش بە هۆکار دەزانن، ئەویش دەستوەردانی خێزانەکان لە ژیانی گەنجان و پشتگوێخستنی خواستەکانی نەوەی ئەمڕۆ لە لایەن کۆمەڵگەوە، کە زۆر جار کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە.
 
ئارەزوو عەزیزی، چالاکڤانێکی دیکەی مەدەنییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، "[خێزانەکان] منداڵەکانیان ناچار بە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی دەکەن، بۆیە خانمێک دەکەنە نێو ژینێکی هاوبەشی، رەنگە هیچ کاتێک لەگەڵ ئەو ژیانە نەگونجێت، کاتێک بە ناچاری دەیخەنە ژیانی هاوژینییەوە." 
 
هاوکات، محەممەد ئەمین کوردی، مامۆستای ئایینیە لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە بۆ ئەوەی بەرگری بکەین لەو کێشە کۆمەڵایەتییانە کە چاومان پێدەکەوێت لە وڵاتەکەمان، دەبێت زیاتر گرنگی بە گەنجەکانمان بدەین، دەبێت لە کێشەکانمان تێبگەین، دەبێت درک بە شیرائەتی ئەمڕۆ بکەین، دەبێت درک بە بارودۆخی خۆمان بکەین و حەقیقەتەکە قبوڵ بکەین." 
 
خۆکوشتن و خیانەت، دوو لەو کێشە گەورانەن کە دەروونناسان و راوێژکارانی کۆمەڵایەتی، هۆشداری دەدەن پێکهێنانی زۆرەملێی ژیانی هاوبەش، کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادبوونی لە کۆمەڵگەدا. 
 
محەممەد رەئوف فەتاحی، دەروونناسێکە لەو بارەیەوە باس لەوە دەکات، یەکێکی تر لەو کارانەی دەبێتە هۆی خۆکوشتن بابەتی خێزاندارییە، هاوژینی ناچاری کە لەلایەن خانەوادەکانەوە دەکرێت، نابەدڵی لەناو ئەو پەیوەندییەدا دەبێت، دوای ماوەیەک ئەو دوو کەسە سەیر دەکەن هیچ پەیوەندییەکیان نییە." 
 
لە ئاستی گشتیی ئێراندا، لە 10 پارێزگا لەرووی کەمبوونەوەی پێکهێنانی هاوژینی و زیاتربوونی جیابوونەوە، دۆخی قەیران راگەیێندراوە کە کرماشان لە نێو ئەو پارێزگایانەدایە.