بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە لە ئێران شەش کەس گیانیان لەدەست دا


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تەندروستیی هەردوو پارێزگای گیلان و مازەندەران لە باکووری ئێران رایانگەیاند، لە شارەکانی رەشت و چالووس بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 43 کەس ژەهراوی بوون و 6 کەس گیانیان لەدەستداوە. دۆخی تەندروستیی 14 کەسی دیکەش ناجێگیرە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی ئەیلوولی 2024، لە شاری رەشت کە ناوەندی پارێزگای گیلانە لە باکووری ئێران، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 20 کەس ژەهراوی بوون و سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی گیلان دەڵێت، "تاوەکو ئێستا 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسیش  تەندروستیان ناجێگیرە."
 
محەممەدتەقی ئاشووبی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی گیلان رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئامار، بەهۆی ژەهراویبوون بە کحول 20 کەس براونەتە نەخۆشخانەی رازی و پوورسینای رەشت. چوار کەس کە تەمەنیان لە نێوان 22 بۆ 40 ساڵانە گیانیان لەدەستداوە، کە پێدەچێت هۆکارەکەی ئیسانۆل یان میسانۆل بووبێت و شەش کەسی دیکەش تەندروستیان خراپە و لە نەخۆشخانە خەوێندراون."
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی گیلان، سەرجەم ژەهراویبووان تووشی کێشەی هەرسکردن، هەناسەسواری، لاوازی، بێهێزی، دڵەڕاوکێ، لێڵبوونی بینین و سەرسوڕان هاتوون.
 
لە شاری چالووس، سەر بە پارێزگای مازەندەرانیش کە دەکەوێتە باکووری ئێران، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە 23 کەس ژەهراوی بوون.
 
رەسوول زەفەرمەند، بەڕێوەبەری دەرمان لە زانکۆی پزیشکیی مازەندەران رایگەیاند: "دوو لەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە، هەشت کەس تەندروستیان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی چڕدان، 13 کەسیش دەرمان کراون و رەوانەی ماڵەوە کراون."
 
بەپێی میدیای ئێران، "بە فەرمانی دادوەر، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەوانە کراوەتەوە کە خواردنەوە کحولییە ساختەکانیان فرۆشتووە و بڕیاری دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگەوە دەرچووە."
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کڕین و فرۆشتنی مادە کحولییەکان قەدەخەیە و نرخیان گرانە، بۆیە زۆر جار کحولی خراپ، ناستاندارد و دەستکرد بە خەڵک دەفرۆشرێت، ئەمەش لێکەوتەی تەندروستیی خراپی هەیە. 
 
سەرەڕای قەدەخەکردنی، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە کحولی زۆریان تێدا دەخورێتەوە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ـی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەنێو 189 وڵاتی جیهاندا ئێران پلەی نۆیەمی بۆ خواردنەوەی کحول هەیە.
 
بەپێی میدیای ئێران، تەنیا لە مانگی تەمووزی 2023ـەوە تاوەکوو مانگی یەکەمی ساڵی 2024، 44 کەس لەو وڵاتە بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە کە 14 کەسیان لە هەر دوو شاری سەردەشت و ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، 17 کەسیان لە شاری کەرەج، 6 کەس لە روبات کەریم، 3 کەس لە مازەندەران، 2 کەس لە قەزوین و 2 کەسی دیکەشیان لە شاری بەهارستان بوون. 
 
عەباس مەسجدی ئارانی، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێران لە 20-05-2023 رایگەیاندبوو، لە ساڵی 2022دا 644 کەس لە ئێران بەهۆی خواردنەوە کحولییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر 30٪ زیادیکردووە.