ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران داوا لە رێكخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات بەپەلە سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و لوبنان کۆببێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "بەکارهێنانی بۆمبی حەشارشکێن لە بەیرووت دەرخەری تاوانی دژە مرۆیی رژێمی زایۆنییە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-09-2024، ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە دیدارێکدا لەگەڵ حوسێن ئیبراهیم تەها، سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە نیویۆرک، سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و فەلەستین، داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکەی کردووە.
 
بەگوێرەی وەزراەتی دەرەوەی ئێران، عێراقچی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە، "هێرشەکەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە قەرەباڵخەکانی بەیرووت لە رێگەی بەکارهێنانی بۆمبی حەشارشکێنەوە دەرخەری تاوانی دژە مرۆیی ئەو رژێمەیە و بەداخەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هیچ ویستێکی بۆ رێگریکردن و وەستاندنی تاوانەکانی رژێمی زایۆنی نییە."
 
رۆژی 27ـی ئەیلوول، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری بەیرووت کە لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کوژرا.
 
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ''ئەمریکا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی رژێمی زایۆنی دەکات، بۆیە ئەوە بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئیسلامییە، بەتایبەتی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە رێگری لە تاوانەکانی رژێمەکە بکەن."
 
رێکخراوەکە 57 وڵاتی زۆرینە موسوڵمان تێیدا ئەندامن. بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە دیدارەکەدا سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی سەرەڕای سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد و دۆخی ناوچەکەی بە "مەترسیدار" زانی و گوتی، داوای کۆبوونەوەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی تاوتوێ دەکات.
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.