ریفۆرمخوازێکی کەم ناسراو و دانوستاندنکارێکی نەریتخوازی پێشووی ئەتۆمی؛ کامیان دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران؟

29-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی سەرووی 50٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران چووە گەڕی دووەمەوە.
 
ریفۆرمخوازێکی کەمناسراو و دانوستاندکارێکی نەریتخوازی پێشووی ئەتۆمی، لە گەڕی دووەمدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. هەڵبژاردنەکە لە گەڕی یەکەمدا کەمترین رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی لە مێژووی ئێراندا بەخۆیەوە بینی. 
 
زیاتر لە 60٪ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان نەدا، لە کێبڕکێیەکدا کە مەسعود پزیشکیانی ریفۆرمخواز، یەکەم بوو و سەعید جەلیلیی نەریتخوازیش دووەم. دوو بەربژێری دیکەی نەریتخواز بەهۆی کەمیی دەنگەکانیانەوە، لە کێبڕکێکە چوونەدەرەوە. 
 
ئێستا لە بەرەی نەریتخوازەکان، جەلیلی بەتەنیا رووبەڕووی پزیشکیان دەبێتەوە. 
 
پێویستە بەرەی ریفۆرمخوازەکان دەنگدەرانیان رازیبکەن بۆ ئەوەی لە 5ـی تەممووز، زیاتر بەشداری لە گەڕی دووەمی دەنگدانەکەدا بکەن و دەنگ بە پزیشکەکەی دڵ بدەن. 
 
قەیرانی چەند ساڵەی ئابووری، هەروەها خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت، بێزاریی خەڵکەکەیان زیادکردووە، ئەمەش لە کەمبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن رەنگیداوەتەوە. 
 
سەنەم وەکیل، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی چاتم هاوس لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەوە خۆی لە خۆیدا دەتوانین وەک دەربرینێکی ناڕەزایی سەیربکەین؛ ئەوە بژاردەیەکی زۆر بەربڵاوە بۆ رەتکردنەوەی بەربژێرەکان و سیستمەکەش. ئەمە پێمان دەڵێت رای گشتی و بێزاری و نیگەرانی، لە چ ئاستێکدایە."
 
بە گوتەی موحسن ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، لەو 24.5 ملیۆن دەنگەی کە رۆژی هەینی ژمێردران، پزیشکیان 10.4 ملیۆن و جەلیلیش 9.4 ملیۆنی بەدەستهێنا. 
 
محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان 3.3 ملیۆن و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری پێشووی داد 206 هەزار دەنگی بەدەستهێنا. 
 
بەپێی یاسا، بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکایەتی، پێویستە بەربژێر سەرووی 50٪ـی دەنگەکان بەدەستبێنێت. ئەگەر کەس ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، هەفتەیەک دواتر، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لە نێوان دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ دەکرێتەوە.
 
 لە مێژووی ئێراندا، تەنیا یەک جاری دیکە هەڵبژاردن چووەتە گەڕی دووەم، ئەویش لە ساڵی 2005 بوو، کە مەحموود ئەحمەدینەژاد توانی بەسەر سەرۆکی پێشووتر، ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانیدا سەربکەوێت. 
 
لە شۆڕشی ئیسلامیی 1979ـەوە، ژنان و ئەوانەی داوای گۆڕانکاریی ریشەیی دەکەن، رێگەیان پێ نادرێت خۆیان بەربژێر بکەن. هەروەها هیچ دامەزراوەیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، چاودێری دەنگدانەکە ناکات.
 
رێژەی بەشداریکردن 39.9% بوو. لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2021ـدا کاتێک کە رەئیسی هەڵبژێردرا، رێژەکە 48.8% و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئاداری ئەمساڵیشدا 40.6% بوو. 
 
پێشتر لە لایەن ژمارەیەک کەسایەتیی دیارەوە داوای بایکۆت کرابوو، لەنێویاندا نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە ئێستا لە زیندانە. میر حوسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی خۆپێشاندانی بزووتنەوەی سەوزی ساڵی 2009، کە تائێستاش لە ماڵەوەدا دەستبەسەرە، لەگەڵ هاوژینەکەی رەتیان کردەوە دەنگ بدەن.
 
یەکێکی دیکە لەو رەخنانەی لە هەڵبژاردنەکە دەگیرێت، ئەوەیە؛ پزیشکیانیش هەر لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشانکراوە.
 
جەلیلی، جارێک لەلایەن بیل بێرنز، بەڕێوەبەری سی ئای ئەیەوە بەوە وەسفکرابوو لە دانوستاندنەکاندا "بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ناڕوونە"، پێدەچوو ئەگەر دوو بەربژێرە نەریتخوازەکەی دیکە دەنگەکانی رۆژی هەینییان پەرتنەکردبا، بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. جەلیلی دوای لەدەستدانی قاچێکی لە شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بە "شەهیدی زیندوو" ناسراوە و لەنێو دیپلۆماتەکانی رۆژئاوادا بە گوتار و هەڵوێستە توندەکانییەوە بەنێوبانگە.
 
قالیباف، جەنەراڵیکی پێشووی سوپای پاسداران و بەرپرسی پۆلیسی ئێران بوو، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەکانی گەندەڵی و دەستهەبوونی لە سەرکوتکردنی ناڕازیبوواندا زیانی بە ناوبانگی گەیاندووە، وا دادەنرا بنکەیەکی جەماوەریی فراوانتری هەبێت. 
 
قالیباف هەر زوو پشتگیریی جەلیلی کرد و دانی بە ئەنجامەکەدا دانا، هەروەها رەخنەی لە پزیشکیان گرت لەسەر ئەوەی بووەتە هاوپەیمانی حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشوو و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتەکەی. 
 
گوتیشی "رێگەکە کۆتایی نەهاتووە. وێڕای ئەوەی من رێز لە دکتۆر پزیشکیان دەگرم، داوا لە هەموو هێزەکانی شۆڕش و پشتیوانەکانم دەکەم کە لە وەستاندنی ئەم شەپۆلە، یارمەتیدەر بن کە بووەتە هۆی بەشێکی گەورەی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی ئەمڕۆمان."
 
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا پزیشکیان دەتوانێت دەنگدەری زیاتر کۆبکاتەوە یان نا. لە رۆژی هەڵبژاردنەکەدا، تێڕوانینی خۆی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژئاوادا خستەڕوو، وێڕای ئەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران هۆشداریی ناڕاستەوخۆی دابوو کە هیچ بەربژێرێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ پشت بە ئەمریکا و رۆژئاوا نەبەستێت. 
 
کۆمپانیای راوێژکاری جیۆسیاسەتی ئۆراسیا لە شیکارییەکدا پێش دەنگدانی رۆژی هەینی گوتی "پزیشکیان بەگشتی بەربژێرێکی خوار پێشبینییەکان بووە. ئەگەر دەربازی گەڕی دووەم بێت، پێگەکەی لاواز دەبێت، چونکە بەرەی نەریتخوازەکان بۆ پشتگیریکردن لە یەک بەربژێر، یەکدەگرن."
 
رەئیسیی  تەمەن 63 ساڵ لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە 19ـی ئایاردا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵات و چەند کەسێکی دیکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران وەک قوتابییەک و جێنشینی پێشبینیکراوی خامنەیی سەیر دەکرا، کە مردنیشی، هێشتا زۆر کەس تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ساڵی 1988 و کپکردنی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، دەستی هەبووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە