حکومەتی ئێران رێگە بە جووتیارانی پیرانشار نادات ئاوی بەنداوی کانی سێو بەکاربێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ساڵێک و شەش مانگە بەنداوی کانی سێو تەواوبووە و ئاوە سنوورییەکانی پیرانشار کە دەڕژانە زێی بچووک گلدەداتەوە، بەڵام ئامانج لە دروستکردنی هێشتا نەهاتووەتە دی کە بڕیاربوو بەو ئاوە دەریاچەی ورمێ بژێندرێتەوە.
 
ساڵانە بەنداوی کانی سێو توانای گلدانەوەی 700 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە. دوای رێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوەکە لە مانگی یەکی ساڵی 2021، پەرلەمانتارێکی پیرانشار رایگەیاند، لە قایمقامییەت کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی تەرخانکردنی بەشە ئاوی تایبەت بە کشتوکاڵ لە ئاوی بەنداوەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پشکێکیان بۆ دیارینەکراوە. 
 
زەوییە کشتوکاڵییەکانی لانیکەم 9 گوند لە دەوروبەری بەنداوی کانی سێو هەڵکەوتوون. بەشێک لە جووتیاران بە ئاوی بیر و بەشێکیشیان بە ئاوی سەرزەوی بەرهەمەکانیان ئاو دەدەن و رێگەنادرێت ئاوی بەنداوەکە بەکاربێنن. ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت، کەمئاوی کێشەیەکی گەورە دەبێت بۆ جووتیارانی ناوچەکە لە هاویندا.
 
بۆ گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێو، توونێلێکی 34 کیلۆمەتری و 11 کیلۆمەتر کەناڵ لێدراوە. حکومەتی ئێران دەڵێت، هەزار و 500 مەتری توونێلەکە ماوە تەواوی بکەن و گواستنەوەی ئاو دەستپێبکات. لە کۆتایی 2020ـەوە خەریکی دروستکردنی ئەو یەک کیلۆمەتر و نیوەن، بەڵام لێدانی توونێلەکە لەنێو زەوییەکانی گوندی خورینج تووشی کێشە بووە بەهۆی ئەوەی تووشی سەرچاوەیەکی ئاوی ژێرزەوی بووە.