پارێزگاری ورمێ: لە دەروازەی سنووری تەمەرچییان بەناوی کۆڵبەرییەوە گەندەڵی دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ دەڵێت: لە دەروازەی سنووریی تەمەرچیان- حاجی ئۆمەران بەناوی کۆڵبەرانەوە گەندەڵی دەکرێ، ئەو دەروازەیە لە دیوی باشووری کوردستان پێی دەگوترێت حاجی ئۆمەران.
محەممەد مەهدی شەهریاری، پارێزگاری ورمێ دەڵێ: گومرگی ئێران گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک لە سنووری پیرانشار واژۆکردووە کە بێ ئەوەی هیچ خەرجییەکی هەبێت و هیچ ژێرخانێک دروستبکات، بە ملیاران تمەن داهاتی هەیە و تەنانەت قاچاخیش دەکات.
پارێزگاری ورمێ ناوی ئەو کۆمپانیای نەهێناوە، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەزموونی کارکردنی لە سنووری تەمەرچیان – حاجی ئۆمەران هەیە و بەگوتەی شەهریاری، گومرک ساڵێکی دیکەش گرێبەستەکەی نوێ کردووەتەوە.
محەممەد مەهدی شەهریاری، رۆژی هەینی 28.05.2021 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران و ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێ گوتی: لەم پارێزگایەدا 55 هەزار کەس وەک کۆڵبەر دەستنیشانکراون، کە مانگانە بڕە پارەیەکیان پێدەدرێ.
پارێزگاری ورمێ گوتوویەتی: "رێگەنادەین هەندێ لە فەرمانبەرانی حکومەت بەناوی کۆڵبەرانەوە گەندەڵی بکەن".
بەگوتەی شەهریاری، هەر لە سەرەتاوە هەندێ لە دامودەزگا حکومییەکان بۆ پێدانی کارتی کۆڵبەری بڕیارەکانیان جێبەجێ نەکرد و ئاماژە بەوەش دەکات: هەندێ کەس بەپێچەوانەی سیاسەتەکانی حکومەت جوڵاونەتەوە و بۆ چارسەرکردنی کێشەکان رێگری دەکەن.
ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێرانیش کە 18ی شوباتی 2021 سەردانی پارێزگای سنەی کرد، گوتی: دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیارێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەری دەرکردووە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
پێشتر کۆڵبەرەکان لەڕێگەی ناوچە بازرگانییە سنوورییەکانەوە کۆڵبەرییان دەکرد، بەڵام ئەو شوێنانە بەهاری ساڵی 2018 داخران. بەرپرسانی حکومەت گوتیان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و رێکخستنەوەی چالاکییەکان لە دەروازە سنوورییەکان دایان دەخەن. ئەو کات داخستنی دەروازە کۆڵبەری و ناوچە بازرگانییە سنوورییەکان ناڕەزایەتی خەڵکی لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوتەوە.
حکومەت کۆڵبەری لە سنوورەکان بە شتێکی نایاسایی دەزانێت، بۆیە زۆرجار کۆڵبەرەکان دەکرێنە ئامانج.
جگە لەوە، رەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی هەلی کار، بەشێک لە دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی بژێوی کاڵا و کەلوپەل بە کۆڵ لە سنوورەکان بگوازنەوە.