جارێکی دیکە سەرۆککۆماری عێراق هەڵەی پرۆتۆکۆڵی دەکات؛ ئەمجارە لە تاران

29-04-2023
نەهرۆ محەممەد
پێشوازیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق. وێنە: IRANIAN PRESIDENCY / AFP
پێشوازیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق. وێنە: IRANIAN PRESIDENCY / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە سەرۆککۆماری عێراق بە سەردانێک چووە تاران و لەکاتی پێشوازیکردنی لە لایەن سەرۆککۆماری ئێرانەوە، هەڵەی پڕۆتۆکۆلی کردەوە.

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە گەیشتە تاران و لە کاتی تێپەڕبوونی بەسەر فەرشی سوور لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆشکی سەعدئاباد، هەڵەی پرۆتۆکۆلی کرد، ئەوەش کاتێک بە خێرایی بە بەردەم پاسەوانی شەرەفدا تێپەڕی و رەئیسی جێهێشت، بەڵام دواتر گەڕایەوە و لەگەڵ رەئیسی سڵاویان لەو پاسەوانانە کرد.  
 
ئەمە چەند جارێکە لەتیف رەشید هەڵەی پرۆتۆکۆڵی دەکات. لەکاتی دەستبەکاربوونی لە کۆشکی کۆماری وەک سەرۆککۆمار یەکەم هەڵەی پرۆتۆکۆلی کرد، ئەوەش کاتێک لەسەر فەرشی سوور لایدا.
 
هەروەها لە لووتکەی کەشوهەوا لە میسر هەڵەیەکی زمانەوانی کرد و دیمەنێکی ڤیدیۆیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی. لەتیف رەشید لەبری وشەی (الاحتباس - گەرمبوون)، وشەی (الاحتساب - هەژمارکردن)ی بەکارهێنا، ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە.
 
ئەمڕۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق بە یاوەریى چوار وەزیرى حکومەت بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سەردانەکەشی یەک رۆژ دەخایێنێت.
 
سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان رێکخست و جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران کردەوە.
 
لەو سەردانە یەک رۆژییەدا هەریەک لە وەزیرانى دەرەوە، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یاوەریى سەرۆککۆمار دەکەن.
 
یەکەم جارە لەتیف رەشید سەردانى ئێران بکات لەدواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار لە 13ـى تشرینى یەکەمى 2022.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە