رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق بە یاوەریى چوار وەزیرى حکومەت بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ سەردانەکەشی یەک رۆژ دەخایێنێت.
بڕیارە سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 29-04-2023، سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتووەتە تاران و سەردانەکەی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری ئێرانە.
لەو سەردانە یەک رۆژییەدا هەریەک لە وەزیرانى دەرەوە، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یاوەریى سەرۆککۆمار دەکەن، ئەوە جگە لە دوو لە راوێژکارى سەرۆکایەتیى کۆمار.
یەکەم جارە لەتیف رەشید سەردانى ئێران بکات لەدواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار لە 13ـى تشرینى یەکەمى 2022.
چاوەڕوان دەکرێت پرسی ئاو، پەیوەندیى بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران و گۆڕانى کەشوهەوا دیارترین ئەو پرسانە بن کە لەو سەردانەدا باس بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ