رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ئێران 36٪ کەمیکردووە و جیابوونەوە 28٪ زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە ئێران بەراورد بە 10 ساڵ پێش ئێستا 36% کەمیکردووە و جیابوونەوەی هاوژینەکانیش 28% زیادیکردووە. پێشبینیدەکرێت رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بەردەوام بێت لە دابەزین و جیابوونەوەش زیاتر بێت بەهۆی ئەو کێشانەی خەڵک هەیانە.
د. خالید تەوەکولی، کۆمەڵناس لە شاری سەقز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بێ هیوایی بە داهاتوو، کێشە ئابوورییەکان و گۆڕینی کولتووری ژیان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەن.
هەروەها عەلی جەوکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسێتیی پارێزگای سنە دەڵێت، ساڵی رابردوو جیابوونەوەی 4 هەزار و 981 هاوژین تۆمارکراوە کە 16.7٪ زیاترە لە ساڵی پێشتر و پێکهێنانی هاوژینیش نزیکەی 1٪ کەمبووەتەوە.
رێژەی گەشەی دانیشتووانی ئێران ساڵ بە ساڵ دادەبەزێت. ئەمساڵ 0.6٪ و پێشبینی دەکرێت تاوەکو 15 ساڵی دیکە بگاتە سفر.
بەرپرسانی ئێران دەیانەوێ بەهەر شێوەیەک بێت، رێگە نەدەن ئاستی مامناوەندی تەمەن لەو وڵاتە هەڵبکشێت. بۆ ئەوە پێویستیان بەوەیە، گەنجان زیاتر ژیانی هاوژینی پێکبێنن و خێزانەکان منداڵی زیاتریان ببێت.
خوێندکارێکی زانکۆی تاران دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە کێشەی ئابووری 100٪ کاریگەریی هەیە. بەهۆی ئەم دۆخە ئابوورییە، گەنجێک ئەگەر بیەوێت بۆ دەستپێکردنی ژیان تەنانەت ئەڵقەیەکیش بکڕێت، دەبێ بیر لە تێچووەکەی بکاتەوە."
بەپێی دوایین ئامار کە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی 36٪ کەمبووەتەوە. جیابوونەوەی هاوژینەکانیش 28٪ زیادیکردووە. دۆخەکە لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان خراپتریشە.
لەنێو بەرپرسانی ئێراندا، عەلی خامنەیی زیاتر لە هەمووان باسی مەترسییەکانی پیربوونی کۆمەڵگە دەکات. ئەو لە ئایاری 2014ـەوە بڕیاریداوە، کار لەسەر زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی ئێران بکرێت. حکومەت و پەرلەمانی ئێران بە زیادکردنی قەرزی بانکی پێکهێنانی هاوژینی و دابینکردنی هەندێک خزمەتگوزاری بۆ ئەو هاوژینانەی زیاتر لە دوو منداڵیان دەبێت، کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکەن، بەڵام کێشەی ژیان لە ئێران لەوانە گەورەترە.