بەرپرسانی حکومیی ئێران: بەشێکی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا پابەندی باڵاپۆشی نابن

رووداو دیجیتاڵ

دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، رەخنە لە نەپاراستنی پاڵاپۆشی ژنان تادێت زیاتر دەبێت. بە گوتەی بەرپرسانی حکومی، بەشێکی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا پابەندی باڵاپۆشیی پەسندکراوی حکومەت نین. بۆیە حکومەت بەرپرسانی دامودەزگا حکومییەکان و بەڕێوەبەرانی شوێنە پیشەییەکانی ئەرکدار کردووە، خزمەتگوزاری بەو کچ و ژنانە نەدەن، کە پابەندی باڵاپۆشی نین.
 
لە شاری ئامۆل لە باکووری ئێران، خێزانێک جەژنی لەدایکبوونی منداڵەکەیان گێڕا، ڤیدیۆی ئەو ئاهەنگە بەهۆی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشیی پەسندکراوی حکومەت، کاردانەوەی بەدواداهات و ژمارەیەک کەس چوونە بەردەم قایمقامییەتی ئامۆل و ناڕەزایەتییان دەربڕی لەسەر ئەوەی "بۆچی خەڵکانێک پابەندی باڵاپۆشیی نەبوون!".
 
نەورۆز و گەشتوگوزار و هەوای دڵڕفێنی کرماشان، هاندەری زۆر کەس بوون کەشێک بگۆڕن، لەنێویاندا چەند کچێک کە پابەندی باڵاپۆشیی پەسەندکراوی حکومەت نەبوون و بەو هۆیەوە کۆمەڵگەیەک کە تایبەت بوو بە رێوڕەسمەکان، داخرا.
 
حەمید رەسایی، پەرلەمانتاری نەریتخواز، داوای لە وەزارەتی میراتی کولتووریی کرد وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، "بۆچی کۆمەڵگەی مێژوویی و گەشتیاریی کرماشان بووەتە شوێنی تێکەڵاویی ژن و پیاو و دیسکۆ؟".
 
پەیوەندییەکانی وەزارەتی میراتی کولتووریی دواتر رایگەیاند، گرووپێکی هونەری بەرنامەیان هەبووە و چوار گەشتیار لەناکاو چوونەتە شوێنی بەرنامەکە و دوای 30 چرکە راگیراوە.
 
ناسر رەفیعی محەممەدی، وتارخوێن گوتی "بۆچی هەندێ کەس زۆر بە ئاسانی سەرپۆشیان فڕێ بدەن!. بەپێی یاسا دژی یاساکانی کۆماری ئیسلامییە و بەپێی شەریعەتیش دژی رێوشوێنەکانی قورئانە. بەپێی عورف دژی بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی و خوێنی شەهیدانە، بۆچی کۆماری ئیسلامی زۆر بە ئاسانی خۆی لەگەڵ ئەم دۆخەدا گونجاندووە. لە چی دەترسن؟ نیگەرانی چین؟".
 
لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی پارەوە زۆر کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە شوێنە گشتییەکان پابەندی باڵاپۆشی پەسندکراوی حکومەت نین، هەندێ کەسیش چاوەڕوانیان دەکرد بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵات هەندێ پاشەکشێ لە پرسی باڵاپۆشیی ژناندا بکات، بەڵام دەسەڵات لەجێی بەکارهێنانی پۆلیس لە شەقامەکان، بە رێکاری نوێ لە هەوڵدایە ژنان ناچار بکات پابەندی باڵاپۆشی بن.
 
حکومەت بەرپرسانی دامودەزگا حکومییەکان یان بەڕێوەبەرانی شوێنە پیشەییەکانی ئەرکدار کردووە، خزمەتگوزاری بەو کەسانە نەدەن، کە پابەندی باڵاپۆشی نین.
 
چەند رۆژ لەمەوبەر حوسێن جەلالی، پەرلەمانتار، گوتی پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردووە کە هەر ژن یان کچێک پابەندی باڵاپۆشی نەبێت لە 500 ملیۆن تمەن (نزیکەی 10 هەزار دۆلار) تاوەکو 3 ملیار تمەن (نزیکەی 60 هەزار دۆلار) سزابدرێت و مۆڵەتی شۆفێری و پاسپۆرتەکەی لێ وەربگیرێتەوە.
 
ناسر رەفیعی محەممەدی، وتارخوێن هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێ "ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، لەدەستتان دەردەچێت. هاوینە، هەوا گەرمە، سبەی چۆن دەتانەوێ دەریاکان کۆنترۆڵ بکەن! ئێستا سەرما تۆزێک باڵاپۆشیی پاراستووە".
 
وادیارە نزیکبوونەوە لە وەرزی گەرما، بەریەککەوتنی نێوان حکومەت و ژنان بۆ پابەندبوون و نەبوون بە باڵاپۆشیی جێی پەسندی دەسەڵات، زیاتر دەبێت، هەردوو لایەن، دەسەڵات بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی و ژنان بۆ ئازادی بەکارهێنانی، هیچ نەرمییەکیان نەنواندووە.