ئێران: تاوەکو ئێستا هیچ پەیامێکمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئاڵوگۆڕ نەکردووە

29-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ پەیامێک لە نێوان ئیدارەی نوێی ئەمریکا و حکومەتی ئێران ئاڵۆگۆر نەکراوە. راشیگەیاند لە نێوان هەردوو وڵاتدا کێشەی نەبوونی متمانە هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان لەبارەی ئەگەری دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا و رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە رایگەیاند: "هیچ پەیامێکی دیاریکراو لە نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆگۆر نەکراوە، نە پەیامێک نێردراوە و نە پەیامێكیش گەیشتووە، ئەوەی دەگوترێت، هەر هەمووی بانگەشەی میدیایە."
 
عەباس عێراقچی گوتی، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە و چاوەڕێی دیاربوونی سیاسەتەکانیان دەکەین و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین. ئەگەر لە وڵات بگەینە ئەو ئەنجامە کە دەکرێت دانوستاندنێکی یەکسان بکرێت، لەوبارەوە بڕیار دەدرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نەدراوە و گوتی، "هیچ پەیامێک لە نێوان ئیدارەی نوێی ئەمریکا و حکومەتی ئێران ئاڵۆگۆر نەکراوە. پێوەرەکەمان هەمان بێ متمانەیی رابردووە کە تاوەکو ئێستاش زاڵە بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. ئێمە پێشتر رێککەوتووین، ئێران رێککەوتنەکەی جێبەجێ کرد، بەڵام ئەوان تێکیان دا."
 
عێراقچی دەڵێت، "چارەسەرکردنی ئەم بێمتمانەییە ئاسان نییە و بە قسەی خۆش و جوان ناکرێ و پێویستی بە رێوشوێنی کردەیی و سیاسەتی تایبەت هەیە. هەرکاتێک سیاسەتێکی لەو جۆرە بگیرێتەبەر، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین و بڕیار دەدەین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە