فەرماندەی سوپای پاسداران: هێشتا تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانیمان نەکردووەتەوە

28-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، قسەکانی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی لەبارەی هێرشەکەی ئەمدواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلی رەتکردەوە و گوتی، "هێشتا تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانیمان نەکردووەتەوە".
 
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023، ژەنەراڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندە باڵاکەی سوپای پاسداران کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریا کوژرا رایگەیاند، "سەید رەزی مووسەوی ستوونی سەرەکیی پشتیوانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست لە سووریا، لوبنان و فەلەستین بوو. پێکهێنانی ستوونی (مقاوەمە) لەم ناوچەیە بێگومان ئەنجامی هەوڵدانەکانی ئەو بوو."
 
حوسێن سەلامی گوتی، "ئەو بەردەوام لەگەڵ فەرماندەی سوپای قودس بوو و دوژمن ئەوی بە باشی دەناسی و بە باشی ئاگاداری رۆڵ و کاریگەری ئەو فەرماندەیە گەورەیە لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان بوو."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
 
سەید رەزی مووسەوی، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو بەرپرسی لۆجیستیی هێزەکانی ئێران بوو لە سووریا و لوبنان.
 
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها قسەکانی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی رەتکردەوە کە گوتبووی، هێرشەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "تۆفانی ئەقسا" ناسراوە، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو و گوتی، "هێرشەکەی تۆفانی ئەقسا هێرشێکی تەواو فەلەستینی بوو."
 
حوسێن سەلامی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" پلانەکەی و جێبەجێکردنی لەلایەن فەلەستینیەکانەوە بووە و لە دەرەوەی فەلەستین هیچ بڕیارێک نەدراوە.
 
ژەنەراڵ سەلامی گوتی، "گوتەبێژی سوپای پاسداران دوێنێ گوتی، تیرۆرکردنی شەهید رەزی لە وەڵامی تۆفانی ئەقسا بوو، بەڵام من دەڵێم، تۆفانی ئەقسا سەربەخۆ بوو و لە لایەن فەلەستینیەکانەوە کرا. سەڕەرای ئەوەی مقاوەمە لە عێراق بەشێکە لە میحوەری مقاوەمە، بەڵام بەشێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکات. لە لوبنانیش حیزبوڵڵا سەربەخۆ کار دەکات. ئێمە هێشتا تۆڵەی تیرۆرکردنی شەهید قاسم سولەیمانی و شەهید ئەبوو مەهدیمان نەکردووەتەوە. لە کاتی خۆیدا ئەو کارە دەکەین. ئێمە بە شێوەیەکی راستگۆیانە ئەو کارەی کە دەیکەین، رادەگەیێنین و لەوە ناترسین."
 
روونیشیکردەوە کە هێرشەکەی تۆفانی ئەقسا و تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دوو بابەتی جیاوازن و گوتی، "تۆفانی ئەقسا لە کردەوەمان بۆ تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی جیاوازە. تۆڵەی قاسم سولەیمانی لە بواری تایبەتی خۆیدا دەکرێت، لەوێشدا ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانبارانە و فەرماندانە دەکەین کە بوونەتە هۆی شەهیدکردنی حاجی قاسم و ئەبوو مەهدی موهەندیس و هاوەڵەکانیان."
 
رۆژی چوارشەممە 27-12-2023 رەمەزان شەریف، گوتەبێژ و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران ئاماژەی بە هێرشەکەی رۆژی 07-10-2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد کە بە "تۆفانی ئەقسا" ناسراوە و رایگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و لەلایەن بەرەی مقاوەمەوە کراوە.
رەمەزان شەریف گوتی، "تۆفانی ئەقسا یەکێک لە تۆڵەسەندنەوەکانی بەرەی مقاوەمە بوو لە ئیسرائیل، لە بەرامبەر شەهیدکردنی قاسم سولەیمانی. زایۆنییەکان لە تۆفانی ئەقسادا زیاتر لە 200 فەرماندەیان لەدەستدا و زیانەکانیان زیاتر لە 1500 کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بۆ رژێمێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە بواری سەربازیدا تووشی شکست نابێت، نیشانەی لەناوچوونە." 
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە