وەزیری کاری ئێران: لە سەردەشت و پیرانشارەوە دەست بە جێبەجێکردنی یاسای کۆڵبەری دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کاری ئێران رایگەیاند، حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنی کۆڵبەری کۆمەڵێک رێنوێنیی پەسند کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار یاساکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری ئێران دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی باسی رێکخستنی کۆڵبەری بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، "بۆ کۆڵبەری حکومەت چەندین رێنمایی پەسند کردووە و بە پێی رێنماییەکان، لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکەدا بە هیچ شێوەیەک باج لە کۆڵبەران وەرناگیرێت."
مێیدەری گوتی، ئامانج لە جێبەجێکردنی یاساکە ئەوەیە کە کۆڵبەری وەکوو تاوان سەیر نەکرێت و ببێتە بەشێک لەو ئابوورییە فەرمییەی لە ناوچەکەدا هەیە. گوتیشی، "بەپێی یاسای رێکخستنی کۆڵبەری و بازرگانیی سنووری، وەزارەتی کار ئەرکی دامەزراندنی کۆمپانیا هەرەوەزییەکانی لە ئەستۆیە بۆ کۆڵبەران و پڕۆژەکە بە شێوەیەکی تاقیکاری لە پیرانشار و سەردەشت جێبەجێ دەکرێت."
وەزیری کاری ئێران هەروەها دەڵێت، دوای جێبەجێکردنی یاساکە لە هەر دوو شاری سەردەشت و پیرانشار، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن و تاوەکو چەند دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدان بە بازرگانیی بچووک لەو دوو شارەدا.
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان" کە لەلایەن حکومەتەوە ئامادە کرابوو، پەسند کرد.
بەپێی یاساکە، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ رێگەپێدراوە، بەڵام دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنێکی کەلوپەل بەپێی یاسا و رێساکان دەبێت.
لە یاساکەدا هاتووە، کۆڵبەران بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلەکانیان تەنیا 50٪ی باج و رسوومات دەدەن، هەروەها لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکەدا، لە باج و رسووماتی دیکەی تایبەت بە هاوردەکردنی کەلوپەل دەبەخشرێن.
مانگی رابردوو، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنی کۆڵبەری، هیچ کەسێک پێویستی بە کۆڵبەری نامێنێت. گوتیشی، ''بێگومان کاریگەری لەسەر باشترکردنی دۆخی ئابووریی ناوچەکەش دەبێت."