گومرگی ئێران: لە 8 مانگدا زیاتر لە 7 ملیۆن مۆبایل هاوردە کراون

رووداو دیجیتاڵ

بە پێی گومرگی ئێران، لە 8 مانگی رابردوودا بایی یەک ملیار و 620 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.

گومرگی ئێران ئاماری نوێی هاوردەکردنی مۆبایلی بڵاوی کردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی هەشت مانگدا (لە 21-03-2024 تاوەکو 21-11-2024)، حەوت ملیۆن و 329 هەزار مۆبایل هاوردەی ئەو وڵاتە کراون.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران، لەو ژمارەیە حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئامێری مۆبایل، کە بەهاکەیان یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بەشێوەی بازرگانی هاوردە کراون، بەشەکەی دیکەش کە دەکاتە 299 هەزار مۆبایل و بە بەهای 120 ملیۆن دۆلار، لە رێگەی گەشتیارییەوە بووە.
 
گومرگی ئێران رایگەیاندووە، بەراورد بە هەشت مانگی پار هاوردەکردنی مۆبایل  لە رووی ژمارەوە 22٪ و لە رووی نرخەوە 15٪ کەمیکردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران، ساڵی 2023 زیاتر لە 14.6 ملیۆن مۆبایل بە بەهای زیاتر لە 3.2 ملیار دۆلار هاوردەی ئەو وڵاتە کراوە.