رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کولتوور و رێنوێنی ئیسلامیی ئێران دەڵێت، قەدەخەی کارکردن و سنووردارکردنەکان بۆ بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ئەکتەرانی ئەو وڵاتە هەڵگیراون.
سەید عەباس ساڵحی، وەزیری کولتوور و رێنوێنی ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت باسی هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ هەڵگرتنی قەدەخەی کارکردن لەسەر ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ئەکتەرانی ئەو وڵاتە کرد.
سەید عەباس ساڵحی رایگەیاند، "هەوڵماندا بە هاوکاریی دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکان سنووردارکردن بۆ کەسایەتییە ناودارەکان لاببەین. سەبارەت بە بەشێکی بەرچاویان، ئەو سنووردارکردنە لابراوە، کە لە داهاتوودا دەردەکەوێت."
ساڵحی بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو هونەرمەندانە بکات کە قەدەخەی کارکردن لەسەریان هەڵگیراوە، گوتی: "بەشێکی دیکەی هەڵگرتنی سنووردارکردنەکان خەریکە روودەدات. بە پشتیوانی خودا بەو گفتوگۆیانەی هەمانە، ئەوەش دەگاتە ئەنجام. هەڵبەت بەشێک لە هونەرمەندان کێشەی یاساییان هەیە، کە لەوبارەیەوە لەگەڵ سیستمی دادوەریدا خەریکی گفتوگۆین."
حکومەتی ئێران ساڵی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پابەندی باڵاپۆشی ئیسلامی نەبوونە و ژنانیان هانداوە بۆ ئەوەی پێشێلی یاسای فەرمیی وڵات بکەن، کارکردنی لە 12 هونەرمەند و ئەکتەری ناوداری ئێرانی قەدەخە کرد کە لە نێویاندا تەرانە عەلیدوستی، کەتایوون ریاحی، ئەفسانە بایگان و فاتیمە موعتەمیدئاریا هەن.
محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری پێشووی کولتوور و رێنوێنی ئیسلامیی ئێران ئەو کاتە رایگەیاندبوو، "وڵات یاسا و رێسای خۆی هەیە، ئەوانەی رێز لە یاساکان ناگرن، نابێت کار بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ