سوپای پاسداران کوژرانی هەشت ئەندامی لە سووریا راگەیاند

28-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای پاسداران دەڵێت، تەرمی هەشت پاسدار کە لە سووریا کوژرابوون، دوای پشکنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەیان، بۆ ئێران گەڕێندرانەوە و لە رێوڕەسمی تایبەتدا بە خاک دەسپێردرێن.
 
ئەمرۆ سێشەممە 28-11-2023، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی هەشت ئەندامی خۆی لە سووریا راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە کاتی کوشتنی ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداران نەکراوە، بەڵام باسی ئەوە کراوە دوای بەدواداچوونێکی زۆر تەرمی ئەو هەشت پاسدارەیان دۆزیوەتەوە و دوای ئەوەی بە پشکنینی دی ئێن ئەی ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاستکراوەتەوە، تەرمەکانیان بۆ ئێران گەڕاندووەتەوە.
 
سوپای پاسداران دەڵێت، چوار لەو پاسدارانە خەڵکی تارانن، چوار پاسدارەکەی دیکە خەڵکی پارێزگاکانی گوڵستان، گیلان، قەزوین و کرماشانن.
 
بە پێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، سەرەتا تەرمی ئەو هەشت پاسدارە دەبرێتە شاری مەشهەد و سەر مەزارگەی ئیمام رەزای ئیمامی هەشتەمی شیعەکان و دواتر بۆ زێدی خۆیان بەڕێدەکرێن و لە رێورەسمی تایبەتدا بە خاک دەسپێردرێن.
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 هەڵگیرسا و هەر لە سەرەتاوەش ئێران پاڵپشتیکارێکی گەورەی حکومەتی سووریا بوو. 
 
رۆژی 22-11-2016، محەممەد عەلی شاهیدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران گوتی، تاوەکو ئەو کاتە زیاتر لە 1000 پاسدار و چەکدار کە ئێران ناردوونی بۆ سووریا بۆ یارمەتیدانی حکومەتی سووریا، کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە