رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران پێشوازی لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ رەوانەکردنی هێز بۆ سەر سنوورەکانی باشووری کوردستان کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئێران ئەو ناوچانە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی چەند جارێک کردووەتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2022، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، بە ئەرێنییەوە باسی لە بڕیارەکەی بەغدا کرد بۆ رەوانەکردنی هێزی پاسەوانی سنوور بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی عێراقی ئاشکرایکرد، پاسەوانی سنووری رەوانە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمڕۆش لە یەکەم کاردانەوەدا، تاران پێشوازی لەو بڕیارەی بەغدا کرد.
لە دوای ئاڵۆزبوونی دۆخی نێوخۆی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردووەوە، ئێران چوار جار هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کامپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز، پردێ و جێژنیکان.
رۆژی هەینی 25ی تشرینی دووەمی 2022، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، زرێپۆش و هێزی تایبەتی زیاتر لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڵاودەکەنەوە، بەشێک لە هێزەکانیش بەرەو سنوورەکان جووڵەیان پێکراوە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 16ی ئەیلوول دەستیانپێکرد، کە بە گوتەی باوکی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە، کوژراوە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، تائێستا لانیکەم 450 کەسی سڤیل لەنێویاندا 61 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ بەهۆی تەقە یان ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، کە 114یان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ