وەزیری بەرگریی ئێران: هێرشەکەی رژێمی زایۆنی زیانێكی کەمی هەبووە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، زیانێکی کەمیان بەرکەوتووە، کە بە گوتەی خۆی "بەکەڵکوەرگرتن لە زانستی خۆیان قەرەبوو کراوەتەوە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، لە مەراسیمی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی خوێندکارانی بیانی لە زانکۆی باڵای بەرگریی نیشتمانی رایگەیاند: "رژێمی زایۆنی پێشێلی هەموو ئەو یاسا نێودەوڵەتییانەی کردووە کە بۆ مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری دانراون". 
 
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا".
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام".
 
 لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە، کە قەبارەیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
تائێستا کوژرانی چوار لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسێکی سڤیل بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.