ئێران: لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هێرشەکەی رژێمی زایۆنی دەدرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "بێگومان وەڵامی هێرشەکەی رژێمی زایۆنی لە کات و شوێنی گونجاودا دەدرێتەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، "دیپلۆماسیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە رێگەیەکی کاریگەرە بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان."
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا رایگەیاند، "ئێمە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی رژێمی زایۆنیدا پێداگرین و بێگومان لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە."
ئیسماعیل بەقایی گوتی، "هەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە روونە؛ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگری لە خۆمان دەکەین و جۆری وەڵامدانەوەمان بە لەبەرچاوگرتنی هێرشەکە دەبێت."
بەقایی ئەوەشی خستەڕوو، "هێزە چەکدارەکانی ئێمە بەردەوام لە چاودێریی جموجووڵی رژێمی زایۆنیدان بۆ ئەوەی ئامادەیی تەواویان بۆ کاردانەوەی پێویست لە ئەگەری روودانی هەر شتێک هەبێت."
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەک لە ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ئەو دەستدرێژییەی رژێمی زایۆنییان سەرکۆنە کرد و بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتان پێویستە."
بەر لە هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چەندین وڵاتی ناوچەکەی کرد. ئیسماعیل بەقایی گوتی، "پێم وایە دیپلۆماسیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە رێگەیەکی کاریگەرە بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی زیاتری گرژییەکان." گوتیشی، "وەستاندنی کوشتاری خەڵک لە لوبنان ئامانجی ئێمەیە، بەڵام ئەمریکا و لایەنەکانی دیکە (بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا) جیدی نین و تەنانەت بوونەتە هۆکارێک بۆ قووڵبوونەوەی زیاتری گرژییەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "هۆکاری شەڕفرۆشیی رژێمی زایۆنی، پاڵپشتییەکانی ئەمریکایە لەو رژێمە؛ باشترە لەبری ئەوەی داوا لە وڵاتانی دیکە بکەن دان بە خۆیاندا بگرن، تاوانەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکەن."
بەشێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، فڕۆکەکانی ئیسرائیل کاتی هێرشکردنە سەر ئێران، سنووری وڵاتانی عێراق و سووریایان بڕیوە و تاوەکو سنووری نێوان عێراق و ئێران چوون. ئیسماعیل بەقایی گوتی، "لە سەردانەکانماندا بۆ وڵاتانی دۆست و دراوسێ، متمانەمان پێدرا کە لە خاکی ئەوانەوە هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر وڵاتێکی دیکە بەتایبەتی ئێران. دڵنیاین کە هیچ وڵاتێک ئەو رێگەیەی بە ئیسرائیل نەداوە."
بە گوتەی بەقایی، پێشتریش چەندین جار "رژێمی زایۆنی" بێ هاوئاهەنگی سەروەریی چەندین وڵاتی پێشێلکردووە و گوتی، "بێگومان وڵاتی عێراق خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و ئێمەش داوایان لێ دەکەین کە ناڕەزایەتیی خۆیان بگەیێننە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوبارەوە کاری پێویست ئەنجام بدەن."
دوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی چوار ئەندامی خۆی لە ئەنجامی هێرشەکەدا راگەیاند، هەروەها هاووڵاتییەکی سڤیلیش کە بەپێی زانیارییەکان پاسەوانی کۆمپانیایەکی تایبەت بووە لە تاران، بریندار بوو و دوای 24 کاژێر گیانی لەدەستدا.