ئەو کچە کوردەی کرماشان کە لە میترۆی تاران تەندروستی تێکچوو بوو، گیانی لەدەستدا

28-10-2023
فواد حەقیقی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئارمیتا گەراوەند، قوتابیی تەمەن 17 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای 28 رۆژ بێهۆشی، بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. ئارمیتا لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە لە میترۆی تاران باری تەندروستی تێکچووبوو.

ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، 28.10.2023، بڵاوی کردەوە، "هەوڵە پزیشکییەکان بۆ ئارمیتا گەراوەند سەرکەوتوو نەبوون. ئەو هاووڵاتییە دوای 28 رۆژ چاودێری، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لە دەستدا."
 
ئیرنا دەڵێت، "ئارمیتا لە کاتی سەرکەوتن بۆ میترۆی تاران لەناکاو گوشاری خوێنی دابەزیوە و بەو هۆیەوە کەوتووە و پشتی سەری بەر لێوارێکی تیژی نێو شەمەندەفەرەکە کەوتووە. کەوتنەکەی هێندە تووند بووە کە دڵی بەشێوەی کاتی وەستاوە."
 
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری کەسانی نزیک لەو کچە قوتابییەوە دەڵێن، پۆلیسی رەوشتی تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە لە میترۆی تاران لەو کچە قوتابیەیان داوە و پاڵیان پێوە ناوە.
 
دوای تێکچوونی تەندروستی، ئارمیتا گەراوەند گوێزرایەوە نەخۆشخانەی فەجری تاران، کە نەخۆشخانەیەکی سەربازییە.
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە، میدیای نێوخۆی ئێران بڵاویکردەوە، رێگەیان پێنادرێت سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە؛ هەروەها بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ پزیشک یان کەسوکاری بکرێت.
 
ئارمیتا گەراوەند، خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵات کوردستانە و لەگەڵ خێزانەکەی لە تاران دەژین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە