موحسین رەزایی: رێگری لە نەتەنیاهوو نەکرێت، هێرش دەکاتە سەر دیمەشق و بەغدا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەڵێت، "ئەگەر رێگری لە نەتەنیاهوو نەکرێت، دوای لوبنان هێرش دەکاتە سەر دیمەشق، بەغدا و لەوانەیە ئێرانیش." ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەر سێ وڵات بە زووترین کات بڕیار بدەن.
 
دوای هێرشەکەی رۆژی هەینی 27-09-2024ی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری بەیرووت، موحسین رەزایی، ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "باندی تاوانکار و رەگەزپەرستی نەتەنیاهوو بە سەرکۆنەکردن ناوەستێت و دوای لوبنان هێرش دەکاتە سەر دیمەشق، دواتر بەغدا و ئەگەر تامی خوێن لە زاری خۆش بێت، تەنانەت لەوانەیە هێرش بکاتە سەر ئێران."
 
موحسین رەزایی دەڵێت، دەبێت سووریا، عێراق و ئێران "بە زووترین کات" بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بڕیارێک بدەن.
 
ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران لە پۆستێکی دیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، "دەرکەوت کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرکردەکانی جیهان، وەک سەردەمی هیتلەر بە چاوپۆشیکردن، رێگەیان بۆ تاوانکاری و رەگەزپەرستیی نەتەنیاهوو کردووەتەوە."
 
قسەکانی موحسین رەزایی لەکاتێکدان دوێنێ هەینی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد و نەخشەیەکی پیشانی ئامادەبووان دا کە تێیدا عێراق، سووریا و ئێران بە رەنگی رەش دیاریکرابوون.
 
نەتەنیاهوو نەخشەکەی بە نەخشەی "نەفرەت" ناوبرد و گوتی، "ئەو نەخشەیە نەخشەی تیرۆرە و ئێران دروستی کردووە، کەوانە شێرپەنجەییەکەی ئێران (مەبەست لێی هەر سێ وڵاتەکە بوو) رێڕەوە ئاوییەکانی داخستووە و هەڕەشە لە ملیۆنان کەس دەکات."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر ئازادیخوازانی جیهان بەرەنگاری [نەتەنیاهوو] نەبنەوە و رێگری لێ نەکەن، مێژوو تاڵترین سەردەم بەخۆیەوە دەبینێت."
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.