گۆرانیبێژێکی ئێرانی لەسەر گۆرانیی 'لەچکەکەت فڕێدە' دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆرانیبێژێکی ئێرانی بەهۆی گۆرانییە نوێیەکەی کە تێیدا پشتگیریی ژنان لە دژی باڵاپۆشیی ناچاری دەکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
 
ئاژانسی هەواڵی میزان کە میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێرانە، رۆژی دووشەممە 28-08-2023 بڵاویکردەوە، هونەرمەند مەهدی یەراحیی ئەمڕۆ بە بڕیاری داواکاری گشتیی تاران دەستگیر کراوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی هونەرمەندەکە، ئاژانسی میزان ئاماژەی بەوە داوە، دەستگیرکردنی بەهۆی کلیپە تازەکەی بووە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردووەتەوە.
 
ئاژانسەکە نوسیویەتی، "مەهدی یەراحیی بەهۆی بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی نایاسایی، کە دژی ئەخلاق و دابونەریتی کۆمەڵگەی ئیسلامییە"، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
 
دەستگیرکردنی ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە لەلایەن داواکاری گشتیی تارانەوە دۆسیەیەکی یاسایی دژی کرایەوە.
 
مەهدی یەراحی، هونەرمەندی ئێرانی بەمدواییانە گۆرانیی "رووسەریتو دەربیار" بە واتای "لەچکەکەت فڕێدە" بڵاوکردەوە، کە تێدا پشتگیری لەو کچ و ژنانەی ئێران دەکات کە بەرامبەر بە باڵاپۆشی ناچاریی ناڕەزایەتی دەردەبرن.
 
یەراحی ئەو گۆرانییەی 10 ساڵ لەمەوبەر بەناوی "لەبارەی خۆتەوە پێمان بڵێ" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئێستا بە شێوازێکی نوێ کلیپی بۆ کردووە.