ئێران سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ و پاریش میواندارییەکی باشی زیارەتکارانی ئێرانی کراوە، لەبەر ئەوە سوپاسی بەرپرسانی کوردی کرد. راشیگەیاند، ئەگەر وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق بکات، رەنگە سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 28-08-2023 بەڕێوەچوو، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پێشوازیکردنی زیارەتکارانی ئێرانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دوو ساڵە بە شێوەیەکی باش میوانداریی زیارەتکارانی ئێرانی دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "هەرێمی کوردستان میوانداریی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دەکات، سوپاسی ئەو کارە بەخشندەیەی بەرپرسانی هەرێم دەکەین. ساڵی رابردوو میواندارییەکی بەخشندەیان کرد و ئەمساڵیش ئێمە شاهیدی ئەم میواندارییەین."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 28-08-2023  بڵاویکردەوە، دوو ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاری ئێرانی چوونەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
 
لە رۆژی 18ی ئەم مانگەوە پرۆسەی هاتنی زیارەتکارەکان لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێکردووە، رۆژی یەکشەممە 27-08-2023 سالار تەحسین، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرت لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا سەرووی 14 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوون.
 
کەنعانی لە پرێس کۆنفرانسەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی باش و بونیاتنەرە. هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو بەشێک لە پێکهاتەی سیاسیی عێراق، هاوبەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بوارە جیاوازەکاندا."
 
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سەردانی وەزیری دەرەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەکرێت لە ماوەیەکی گونجاودا بکرێت، ئێستا کات دیاری نەکراوە بۆ سەردانی وەزیری دەرەوە بۆ عێراق و بەرنامەی بۆ دانەنراوە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا و ئەگەر وەزیری دەرەوە سەردانی عێراقی کرد، پلان بۆ سەردانی هەرێمی کوردستانیش دابندرێت."