وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران: 10٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکەمان نەخوێندەوارن

28-08-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن ئێران نەخوێندەواری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران دەڵێت، لە سەرانسەری ئەو وڵاتە نزیکەی 9 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار هەن، کە دەکاتە رێژەی نزیکەی 10٪ـی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
 
یووسف نووری، وەزیری پێشووی پەروەردەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە بەرنامەیەکدا لە کەناڵی پەروەردەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "ئەوەی پەیوەندیی بە ژمارەی نەخوێندەوارانەوە هەیە ئەوەیە؛ بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2016 و ئەو ئامارەی لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، 8 ملیۆن و 795 هەزار نەخوێندەوارمان لە وڵاتدا هەن."
 
یووسف نووری گوتی، ژمارەی نەخوێندەواران لەسەر بنەمای راگەیاندنی کەسانی تەمەن شەش ساڵ و سەرووترە، کە "بە تەواوەتی نەخوێندەوارن و خوێندن و نووسین نازانن" و "خەمڵاندنی من بۆ ئاماری نەخوێندەواری رەها بۆ ئەمساڵیش هەر هەمان رێژەیە."
 
ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کەسانەش کرد کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە خوێندن دابڕاون و گوتی، بەپێی دوایین زانیارییەکان ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە سەرانسەری وڵات لە پرۆسەی خوێندن دابڕاون، 970 هەزار کەسن لە هەر سێ قۆناخی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی کە سەروو 160 هەزار کەسیان لە قۆناخی سەرەتاییدا لە خوێندن دابڕاون.
 
بەپێی ئامارێکی ساڵی 2016 کە لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو کاتە 136 هەزار کەس لە قۆناخی سەرەتاییدا لە خوێندن دابڕابوون، بەڵام بەگوتەی وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران، ئێستا ژمارەی ئەو کەسانە بۆ 160 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی ئاماری بانکی جیهانی، ژمارەی کەسانی نەخوێندەوار لە ئێران لە ساڵی 2016 نزیکەی 11.6 ملیۆن کەس بووە، کە دەکاتە 5.85٪ کۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە. هەروەها بەپێی ئامارێکی ساڵی2019ـی یونسکۆ، نزیکەی 2٪ـی گەنجانی خوار تەمەنی 24 ساڵ لە ئێران نەخوێندەوارن.
 
وەزیری پێشووی پەروەردەی ئێران باسی جیاوازی پلانی بۆ پەروەردە لە ئێران و وڵاتانی دیکە کرد و رایگەیاند، ئێستا پلان بۆ کەرتی خوێندن لە ئێران لە شەش بۆ 49 ساڵییەوەیە، لە کاتێکدا هەمان شت لە سەر ئاستی جیهان تا کۆتایی تەمەنە.
 
یووسف نووری دەڵێت، حکومەت لە ئێران "هیچ شتێکی بۆ خوێندنی کەسانی تەمەن 49 ساڵ و سەرووتر نەکردووە، لەکاتێکدا بەپێی لێکۆڵینەوەکان بۆ هەر 10%، زیادبوونی رێژەی خوێندەواری، کۆی گشتی بەرهەمیی نیشتمانی وڵات 2% زیاد دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە