مەسعود پزیشکیان فەرمانی دەستبەکاربوونی وەرگرت و دەڵێ 'قەیرانەکان تێدەپەڕێنین'

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران دەڵێت، کابینەکەی لەژێر ناوی ''یەکگرتوویی نیشتمانی'' بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پابەند دەبێت بە رێنماییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتیشی، بە یەکگرتوویی دەتوانن قەیرانەکان لە ئێران تێپەڕێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە 28-07-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە رێوڕەسمی واژۆکردنی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتارێکی پێشکێشکرد و، رایگەیاند ''هەموو ئەو کەسانەی دەنگیان بە من و بەربژێرانی رکابەرم دا، یان بەهۆی رەخنە و گلەییەوە بەشداریی هەڵبژاردن نەبوون، چاوەڕێی گۆڕانکاری لە من و حکومەتی داهاتوو دەکەن و لە ئەمڕۆوە کاتی وەڵامدانەوەیان دەستپێدەکات.''
 
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، ئەرکی جێبەجێکردنی دەستوور و سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لەسەر شانە، جگە لەو دەسەڵاتانەی راستەوخۆ تایبەتن بە رێبەری. مەسعود پزیشکیان گوتی ''ئەوەی دەستوور وەکو ئەرک بۆ ئێمەی دیاری کردووە، هەر رێنماییەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە سیاسەتە گشتییەکاندا.''
 
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران گوتیشی "تەنیا بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەتوانین قەیرانەکان تێپەڕێنین و وەڵامی ئومێد و چاوەڕوانیی خەڵک بدەینەوە، کۆمەڵگەیەک کە یەکڕیزە و بەپێی یاسا کار دەکات، دەسەڵات تێیدا بەهێزترە و بۆ پێشکەوتنی وڵات، دەرفەتی رۆڵ و مامەڵەی هاوبەشی کۆمەڵگە و دەسەڵات دەڕەخسێت.''
 
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی ئەو و دەوڵەتی داهاتوو، پابەندبوونە بە بۆچوونەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی گشتییەکاندا و یاسای بەرنامەدا کە لە دیبەیتەکانیشدا جەختی لەسەر دەکردەوە.
 
پزیشکیان لە بەردەم رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەڵێنی بە خەڵک دا دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و گوتی ''درێژەدەری رێگەی شەهیدان دەبین، کە ئەمەش تەنیا بە یەکگرتوویی و پابەندبوون بە یاسا جێبەجێ دەکرێت.''
 
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران داوای لە عەلی خامنەیی کرد پشتیوانی لە دەوڵەتی ''یەکگرتووی نیشتمانی'' بکات و گوتی "خۆڵی ژێر پێی خەڵکی ئێرانم و هەوڵدەدەم رۆڵەیەکی باش بم بۆ گەل.''
 
رێورەسمەکە لە حوسێنیەی ئیمام خومەینیی تاران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و سەربازی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
 
بەپێی دەستووری ئێران، دوای پێدانی بەڵگەی دەستبەکاربوونی لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆمار بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگەی باڵا، ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی نیشتیمانی و سەربازی، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی زانیارییەکان رێوڕەسمەکە 30ـی تەمموز بەڕێوەدەچێت و تێیدا سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو بەپێی مادەی 121ی دەستوور، سوێند دەخوات کە هەموو بەهرە و لێهاتوویی خۆی لە جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە لە ئەستۆی گرتووە بەکاربهێنێت و لە کۆتاییدا سوێندەکە واژۆ دەکات.
 
14یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران لە دوو گەڕدا بەڕێوەچوو و لە گەڕی دووەمدا کە لە 5ـی تەمموزی 2024 کرا، زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد کە پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران.