لە باشووری ئێران سێ ئەندامی یەک خێزان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

28-07-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی لافاوێک لە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە ئەندامی یەک خێزانن و تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 16 ساڵانە.
 
موختار سەلەحشوور، بەرێوەبەری مانگی سووری پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران ئەمرۆ هەینی رایگەیاند، شەوی رابردوو لە ناوچەی سیاهوو ئاوی رووباری سیخوران بەرز بووەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لەو ناوچەیە.
 
موختار سەلەحشوور ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە لافاو لە ناوچەی سیخوران دروست بووە و سێ کەس خنکاون، دەستبەجێ چوار تیمی فریاکەوتنیان ناردە شوێنەکە و پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو سێ کەسە دەستیپێکرد.
 
بە گوتەی سەلەحشوور، دوای هەوڵدانێکی زۆر هەر دوێنێ شەو تەرمی دووانیان لە لایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە دۆزرانەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی سێیەمیش بەردەوامە.
 
بەرێوەبەری مانگی سووری هورموزگان ئاشکراشی کرد، هەر سێ قوربانی لافاوی شەوی رابردوو کچن، کە تەمەنیان 12, 14 و 16 ساڵانە و ئەندامی بنەماڵەیەکی شاری سەراوانی سیستان و بەلۆچستانن.
 
بەرێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران راگەیاندووە، لە کۆتایی هەفتەدا ئەگەری هەیە شەپۆلێکی بارانبارین، هەورەتریشقە و گەردەلوول و زریان روو لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە بکات و هۆشداری داوەتەوە هاووڵاتیان کە پابەندی رێنماییەکان بن.
 
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی هەر سێ کچەکەش، بەرێوەبەری مانگی سووری هورموزگان گوتی، سەرەرای هۆشدارییەکانی دەزگای کەشناسی و بەرپرسانی پارێزگاکە بۆ ئەوەی خەڵک لە رووبارەکان دوور بکەونەوە، خێزانی ئەم کچانە پابەندی رێنماییەکان نەبوونە و لە کاتی لافاودا ئەو کارەساتەی لێکەوتووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە