لە ئێران بوومەلەرزەیەک روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئەردەبیل لە باکووری رۆژئاوای ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی رێختەر روویدا. تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کاژێر 07:13 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024 روویداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی گێرمی لە باکووری پارێزگای ئەردەبیل بووە و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتری زەویدا تۆمار کراوە.
 
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی ئەردەبیل، نەمین و بیلەسوار هەستی پێکراوە. هەروەها لە چەندین ناوچەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیاش هەستی پێکراوە.
 
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.
 
رۆژی 18ی حوزەیرانی 2024 لە شاری کاشمەری پارێزگای خۆراسانی رەزەوی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر روویدا، بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 22 کەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە هەروەها زیانی بە 150 خانوو و یەکەی نیشتەجێبوونی شارەکە گەیاند.