سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران: دارستانی زاگرۆس دەبێتە لەوەڕگە


رووداو دیجیتاڵ 

عەباس عەلی نەوبەخت، سەرۆکی رێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران دەڵێت: ناوچەی زاگرۆس یەک جۆر داری تێدا ماوە و لەبەر چەند هۆکارێک، ئەم دارستانە خەریکە وەردە وردە دەبێتە لەوەڕگە، ئەمەش زیانی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی کۆچی دانیشتووانەکەی.
 
رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس، نزیکەی 14 ملیۆن هێکتار بووە، بەڵام نزیکەی شەش ملیۆن هێکتاری ماوە. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، لەم شەش ملیۆن هێکتارە، دوو ملیۆن هێکتاری دەکێڵرێت.
 
بەگوتەی عەباس عەلی نەوبەخت، کێڵانی دارستانەکان دەبێتە هۆی ئەوەی زەوی تەڕ و شێدار نەمێنێت، زەوی کەمتر دەتوانێت خۆی بژیێنێتەوە و خاکەکەی لەنێودەچێت.
 
رێژەی 40%ـی ئاوەکانی ئێران کەوتووەتە سنووری ناوچەی زاگرۆس کە بەهۆی دار بەڕووەکان بە ناخی زەویدا رۆچووە و لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویدا کۆبووەتەوە. دارستانەکانی زاگرۆس ساڵانە شەش ملیار مەتریی سێجا ئاو گلدەدەنەوە، کەچی گەورەترین بەنداوی ئێران لە ساڵانی رابردوودا سێ ملیۆن مەتریی سێجا ئاوی تێدا کۆبووەتەوە.
 
ئەمە جگە لەوەی دارستانەکانی زاگرۆس ساڵانە نزیکەی 167 تۆن تۆز و خۆڵ گلدەدەنەوە و هەر هێکتارێک دارستان بۆ 10 کەس ئۆکسجین دابین دەکات. جگە لەوەش کە سەرچاوەی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتووانی زاگرۆسیشن.
 
دۆخەکە بە خێرایی خەریکە دەگۆڕێت. لە دەیەکانی رابردوودا هەشت ملیۆن هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس بەهۆکاری جیاواز لەنێوچوون.
 
سووتاندنی دارستانەکان یەکێک لە باوترین جۆرەکانی لەنێوبردنیانە کە زۆر جاران بە ئەنقەست دەسووتێنرێن، بۆ ئەوەی بیانکەنە زەوی کشتوکاڵ، باخ یان خانووبەرە دروست بکەن.
 
بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، تەنیا لە سێیەم مانگی بەهاردا 213 هێکتار لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە سووتاون.
 
وشکەساڵییەکان، مەڕوماڵات، نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، بڕینی دارەکان بۆ خەڵوز یان بۆ قاچاخ و فرۆشتنیان و خۆڵبارینەکانیش کاریگەرییان لە وشکبوونی دارستانەکاندا هەیە.