محەممەدباقر قالیباف وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە و محەممەدباقر قالیباف بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا؛ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هەڵبژێردران. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی ئایاری 2024، دووەمین کۆبوونەوەی خولی 12یەمینی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و تێیدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا 287 پەرلەمانتار لە کۆی گشتی 290 پەرلەمانتار ئامادەبوون و تێیدا محەممەدباقر قالیباف بە بەدەستهێنانی 198 دەنگ وەک سەرۆکی دوازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا.
 
جگە لە محەممەدباقر قالیباف، مەنووچیهر موتەکی، پەرلەمانتاری تاران و موجتەبا زولنوور، پەرلەمانتاری بازنەی قوم بەربژێر بوون. موجتەبا زولنوور 60 دەنگ و مەنووچیهر موتەکی تەنیا 5 دەنگی بەدەستهێنا. ژمارەی دەنگە پووچەڵەکانیش 24 دەنگ بوو.
 
 قالیباف ماوەی چوار ساڵ بوو سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو و ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆتایی هاتبوو.
 
رۆژی دووشەممە، 27ی ئایاری 2024، یەکەمین کۆبوونەوەی 12یەمین خولی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو و پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.
 
هەڵبژاردنی 12یەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە 10-03-2024 بەڕێوەچوو. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا چارەنووسی 245 کورسیی پەرلەمان لە کۆی گشتی 290 کورسی یەکلابووەوە. گەڕی دووەەمی هەڵبژاردنەکەش لە رۆژی 10ی ئایار بۆ دیاریکردنی چارەنووسی 45 کورسییەکەی دیکە بەڕێوەچوو.