رووحانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگیی جەواد زەریف: بۆ دروستکردنی ناکۆکیی ناوخۆییە

29-04-2021
فواد حەقیقی
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران
نیشانەکردن تۆماری دەنگیی جەواد زەریف حەسەن رووحانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حەسەن رووحانی هەوڵی ئارامکردنەوەی ئەو کەشە تووندە دەدات کە قسەکانی محەممەد جەواد زەریف دروستیکردووە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بە باسکردن لە رۆڵی گرنگی قاسم سولەیمانی و ئەوەی کە هێزی گۆڕەپانی شەڕ و دیپلۆماسی دوو هێزی تەواوکەری یەکترن.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "دزینی دۆسیەیەک بابەتێکە کە دەبێت لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، کە بۆچی لەم کاتەدا؟ رێک لەکاتێکدا کە دانوستاندنەکانی ڤییەننا لە لووتکەی سەرکەوتندایە، بڵاویدەکەنەوە، بۆئەوەی لە ناوخۆدا ناکۆکی دروستبکەن. دزی کراوە و هەر کەسیش کەمتەرخەمی یان تاوانێکی کردووە دەبێت لێبڕاوانە رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتەبەر".
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە ناکۆکیی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران و هێزی گۆڕەپانی شەڕ، بەتایبەت قاسم سولەیمانی دەکات، کە رووسیا لەڕێگەی ئەوەوە هەوڵیداوە دەستکەوتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا لەنێوببات؛ هەندێک بابەتی هەستیار، کە رەنگە لەبەر ئەوەبێت کە رووحانی خۆی لێ بەخاوەن نەکرد.
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "ئەو بابەتانەی باس کراون، هەندێکی، هەڵبەت هەندێکی ئاساییە، بەڵام هەندێکیان بۆچوونی حکومەت یان سەرۆککۆمار نییە".
 
محەممەد جەواد زەریف کە شەوی رابردوو لە هەولێر بوو، لە پەیجی ئینستاگرامەوە روونکردنەوەی لەسەر هەڤپەیڤینە دزەپێکراوەکەی دا، ئەو دەڵێت "ئەوە بابەتێکی هزریی زۆر نهێنی بووە. بەو مەبەستەش بووە کە هاوکاریی دیپلۆماسی و هێزی گۆڕەپانی شەڕم دەستکەوتی زیاتری هەبێت. هەروەها پەیوەندییەکانیان بەشێوەیەکی زیرەکانە و بە دیاریکردنی ئەولەویەتەکان و لەژێر چاودێریی رێبەری ئێراندا رێکبخرێت".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، هەڤپەیڤینەکە کراوەتە بیانوویەک بۆ نیشاندانی ناکۆکی لەنێوان گۆڕەپانی شەڕ و دیپلۆماتەکان، ئەمەش بە کورتبینانە و دژی روانگەکانی خۆی لە قەڵەم دەدات.
 
بەڵام تووندڕەوەکان کە لەبەر رێککەوتنی ئەتۆمی و ئەگەری خۆبەربژێرکردنی بۆ سەرۆککۆماریی لە زەریف بەبیانوون، زەحمەتە بەو قسانە رازی بن.
 
محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت "ئەگەر کەسانێک بە هەر هۆکارێک بوار بۆ دووفاقییەت و ناکۆکی لەنێوان هێزی گۆڕەپان و هێزی دیپلۆماسیدا دەڕەخسێنێت و دووفاقی نیشاندەدەن، بزانن کە ئەمە دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێمەیە. ئێمە هەموومان دەزانین حاجی قاسم هونەری ئەوەبوو کە بۆ وڵات هێز و توانای بەرهەم بێنێت".
 
سەرەڕای خۆدزینەوەی حەسەن رووحانی، بەڵام هەڤپەیڤینەکە یەخەی حکومەتیش دەگرێت. پەرلەمان لێکۆڵینەوەی لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی دامەزراوەی سەرۆککۆماریی دەستپێکردووە، کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانیش زەریفیان بۆ لێپرسینەوە بانگ کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە