کەنەدا سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند

28-02-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی کەنەدا بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە گەمارۆی بەسەر 12 بەرپرسی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداراندا سەپاند. ژمارەیەک لەوانەی گەمارۆیان بەسەردا سەپێندراوە، بەرپرسن لە پارێزگاکانی سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رۆژی 27-02-2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەو بەرپرسە سیاسی و سەربازییانە بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردووە، بەتایبەت سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای ئێران، گەمارۆیان دەخرێتەسەر."
 
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە؛ مورتەزا میرئاقایی، بەرپرسی بەسیج لە سنە؛ سادق حوسێنی، فەرماندەی سوپای پاسداران لقی سنە و رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ لەو کەسانەن کە خراونەتە لیستی سزاکانی کەنەداوە و گەمارۆیان بەسەردا سەپێنراوە.
 
مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا دەڵێت، "موڵک و دارایی ئەو کەسانە لە کەنەدا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، رێگەیان پێنادرێت گەشت بکەن بۆ کەنەدا، هەروەها رێگەیان پێنادرێت داوای پەنابەرێتی و کۆچیش بۆ کەنەدا بکەن."
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، لە سەرەتای پاییزی ساڵی 2022ەوە ئەمە نۆیەمین جارە گەمارۆ بەسەر بەرپرسانی ئێراندا دەسەپێنن.
 
حکومەتی کەنەدا لە یەکەم گەڕی سزاکانیدا گەشتی لە زیاتر لە 10 هەزار کەس لە بەرپرسانی حکومەت و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ئەو وڵاتە قەدەخە کرد. هەروەها تائێستا گەمارۆی خستووەتە سەر 139 بەرپرس و 189 دامەزراوەی ئەو ولتە، لەوانە دامەزراوەکانی سەر بە سوپای پاسداران، دامەزراوە هەواڵگرییەکان و کۆمپانیاکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە