سەرۆککۆماری ئێران مانگی داهاتوو سەردانی رووسیا دەکات

27-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، رۆژی 17-01-2025 سەردانی رووسیا دەکات، لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی کۆدەبێتەوە و رێککەوتنی هاوکاری واژۆ دەکەن.
 
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ بڵاویکردەوە: "سەرۆککۆمار لە 17ی کانوونی دووەم سەردانی رووسیا دەکات و رێککەوتنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکرێت".
 
رووسیا و ئێران هەردووکیان لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان و جموجوڵە بازرگانییەکانیان بەرتەسک کراونەتەوە، بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزیان لە کەرتە جیاوازەکاندا هەیە، لەنێویاندا هاوکاریی سەربازی.
 
ئۆکرانیا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، تارانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە چەک و تەقەمەنیی بۆ مۆسکۆ ناردووە بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی ئۆکراینادا بەکاریبێنێت. 
 
ئێران چەندین جار ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، ڤیتالی ساڤێلیڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری گواستنەوە لە تاران بوو و چاوی بە پزیشکیان کەوت. لە دیدارەکەدا باسیان لە دروستکردنی هێڵی ئاسنی رەشت – ئاستەرە کرد کە بە ئێران و ئازەربایجان و رووسیادا تێدەپەڕێت.
 
هێڵی ئاسنینەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر، ئەویش رێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی باکوور-باشوورە، کە مەبەست لێی بەستنەوەی هیندستان، ئێران، رووسیا، ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەیە.
 
دوایین جار دوو سەرۆکەکە کۆبووبێتنەوە، لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی بریکس بوو لە شاری کازانی رووسیا لە مانگی تشرینی یەکەم.
 
ئێران و رووسیا لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریا پشتیوانیان لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەکرد کە 8ی ئەم مانگە رووخا.
 
ئەسەد بەرەو مۆسکۆ هەڵات، دوای ئەوەی هێزە دژبەرەکانی بە سەرۆکایەتیی گرووپی ئیسلامیی سوننە مەزهەبی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقیان گرت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە