زانایەکی ئەتۆمیی ئێران لە تاران کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، زانایەکی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران بەناوی موحسین فەخریزادە لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە تاران کوژراوە. حوسێن دهقان، راوێژکاری باڵای سەربازیی خامنەیش ئیسرائیل بە کوشتنی فەخریزادە تۆمەتبار دەکات.
بەپێی کەناڵی فەرمیی ئێران، پرێس تی ڤی، ئەمڕۆ هەینی، ئەو زانایە "تیرۆر" کراوە، بەڵام ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە موحسین فەخریزادە بریندار بووە، دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە پزیشکەکان نەیانتوانیوە ژیانی رزگار بکەن.
حوسێن دهقان، راوێژکاری باڵای سەربازیی خامنەی لە تویتێکدا رایگەیاند، ئیسرائیل بە پشتیوانیی "هاوپەیمانە قومارچییەکەیان" کە مەبەستی لە دۆناڵد ترەمپە، ئەو کردەوەیەیان ئەنجامداوە و "دەبێت بکوژانی ئەو شەهیدە ستەم لێکراوە بزانن وەکو برووسکە دەدەین بەسەریاندا و کارێک دەکەین پەشیمان ببنەوە".
بە گوتەی فارس نیوز، سەرەتا تەقینەوەیەک بووە و دواتر تەقە کراوە، موحسین فەخریزادە لەو هێرشەدا بریندار بووە. تەرمی سێ بۆ چوار کەس لە شوێنی رووداوەکە بیندراون کە بە گوتەی ئاژانسی فارس نیوز تەرمی "تیرۆریستەکان" بوون کە هێرشیان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران - ئیرنا رایدەگەیێنێت، موحسین فەخریزادە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا "تیرۆر" کراوە و زانیاریی زیاتریش لەبارەی هێرشبەرەکان بڵاودەکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران - ئیرنا رایدەگەیێنێت، موحسین فەخریزادە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا "تیرۆر" کراوە و زانیاریی زیاتریش لەبارەی هێرشبەرەکان بڵاودەکەنەوە.
فەخریزادە بە "سندووقی رەشی" دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دانراوە و ئەندامێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بووە. فەخریزادە لە ساڵی 1961 لەدایک بووە و پرۆفیسۆری زانستی فیزیا بووە لە زانکۆی ئیمام حوسێن لە تاران. هەندێک کەس بە "باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ناوی دەبەن".
هاوکات پێش پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران، بێهروز کەمالڤەندی، گوتەبێژی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران بە میدیای ئێرانی راگەیاند، هەموو زاناکانیان تەندروستییان باشە و هیچ کامیان نە برینداربووە و نە تووشی رووداو بووە.
ساڵی 2018 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناوی ئەو زانایەی ئێرانی هێنا و رایگەیاند، سیستەمی دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی بەڕێوە دەبات. ئەو زانیارییانەی نەتەنیاهوو پشتیان بەو 100 هەزار دۆکیۆمێنتە بەستبوو کە ئیسرائیل لە ئێرانەوە گواستبوویەوە.
لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2012، چوار زانای بواری ئەتۆمیی ئێران بەناوەکانی "مەسعود عەلی موحەممەدی، مەجید شەهریاری، داریوش رێزائینجاد و مستەفا ئەحمەدی رۆشان" "تیرۆر" کران. هاوکات زانایەکی دیکەی ئێرانی بەناوی فەرەیدوون عەباسی، لە هەوڵێکی کوشتن بە برینداری رزگاری بوو.
ئەوکات حکومەتی ئێران ئیسرائیلی بە "تیرۆر" کردنی ئەو زانایانە تۆمەتبار کرد. لە ساڵانی 2011 و 2012 ئێران چەند کەسێکی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارانە دەستگیرکرد و رایگەیاند، بەکرێگیراوی هەواڵگریی ئیسرائیلی - مۆساد بوونە.
ئەوکات حکومەتی ئێران ئیسرائیلی بە "تیرۆر" کردنی ئەو زانایانە تۆمەتبار کرد. لە ساڵانی 2011 و 2012 ئێران چەند کەسێکی بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو کارانە دەستگیرکرد و رایگەیاند، بەکرێگیراوی هەواڵگریی ئیسرائیلی - مۆساد بوونە.
وێنەی شوێنی کوژرانی موحسین فەخریزادە، زانای بواری ئەتۆمی لە ئێران کە بە باوکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە ناسرابوو
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 27, 2020
وێنە: ئاژانسی فارس نیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران pic.twitter.com/qnE6h1wbCh