وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران: هەشت کەسمان دەستگیرکردوون پەیوەندییان لەگەڵ سی ئای ئەی هەبووە

27-11-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
 

رووداو- هەولێر 

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هەشت کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سی ئای ئەی دەستگیردەکات و دەڵێت، زانیارییان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران کۆکردووەتەوە و هەوڵیانداوە بە وڵاتانی بێگانەی بدەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، ئەو کەسانە لە وڵاتە جیاوازەکان و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا - سی ئای ئەی راهێنایان پێکرابوو تاوەکو زانیاری کۆبکەنەوە. ئەو کەسانە ئەرکیان پێسپێردرابوو بۆئەوەی لە خۆپیشاندانەکان راپۆرتی تێروتەسەل ئامادەبکەن و ڤیدیۆ بگرن.
 
وەزارەتی ئیتلاعات دەشڵێت، شەش کەس لەوان لەکاتی خۆپیشاندانەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا دەستگیرکراون و دوو کەسەکەی دیکەشیان لەکاتی رۆیشتن بۆ وڵاتانی دیکە گیراون.
 
ئەم راگەیێندراوەی ئیتڵاعات لەکاتێكدایە، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، خەڵکی ئێران 27 هەزار پەیام، ڤیدیۆ، فۆتۆ و نوسراویان بۆیان ناردووە کە باس لە ئازار و ئەشکەنجەدانی خەڵک لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەکەن.
 
سەید حوسێن نەقەوی حوسێنی، پەرلەمانتاری ئێرانیش دەڵێت، لەکاتی نائارمییەکانی ئێران نزیکەی حەوت هەزار کەس دەستگیرکران.
 
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیش لە راپۆرتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا توانیویانە کوژرانی 143 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا تۆماربکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە