رەئیسی: ئاژاوەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بوونەتە رێگەخۆشکەر بۆ هێرشەکەی داعش لە شیراز


رووداو دیجیتاڵ

وەکو ئاماژەیەک بۆ خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و هێرشەکەی دوێنی داعش بۆ سەر مەزارگەیەکی شیراز، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت: "ئاژاوەکان" بوونەتە "رێگەخۆشکەر بۆ هێرشە تیرۆریستییەکان"، هاوکات ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی لە بەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تارانی پایتەخت، خۆپێشاندانیان دژی بەریتانیا کرد و ئاڵای ئەو وڵاتەیان سووتاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیی بە "ئاژاوەگێڕی" ناوبردن و گوتی بوونەتە "رێگەخۆشکەر بۆ کاری تیرۆریستی" کە مەبەستی لە هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێ شەوە بۆ سەر مەزارگەی شاهچراغ لە شیراز کە بووە هۆی کوژرانی 15 کەس و داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لێ راگەیاند. 
 
رەئیسی لەو بارەیەوە گوتی: "نیازی دووژمن پەکخستنی گەشەی وڵاتەکەمانە، ئەم ئاژاوەگێڕییەش رێگەیان بۆ کاری تیرۆریستی خۆش کرد." 
 
سەرۆککۆماری ئێران هاوکات بەڵێنی دا کە "کاردانەوەیەکی تووند"یان دەبێت دژی هێرشەکەی چوارشەممە.
 
هاوکات ژمارەیەک خۆپێشاندەری لایەنگری حکومەتی ئێران، لە بەردەم باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران، خۆپێشاندانیان کرد و ئاڵای ئەو وڵاتەیان سووتاند. 
 
هەروەها داوایان لە بەریتانیا کرد، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو کەناڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە وڵاتەکەیدا بوەستێنێت.